لە 10 فیلم کە لە سینەماکانی کوردستان نمایش دەکرێن، یەکێکیان کوردییە


رووداو دیجیتاڵ 

لەگەڵ کۆرۆنا و کەرەنتین وەک زۆربەی بوارەکانی دیکە سینماش پەکی کەوت، لە مانگی ئادار ئەمساڵەوە دەرگەی هۆڵەکان بۆ هۆگرانی سینەما کرایەوە. بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، خەڵکی کەمتر سەیری فیلمی کوردی دەکەن و لە هەر 10 فیلمێک کە نمایش دەکرێت، یەکێکیان کوردییە.
 
بەهۆی رێکارەکانی کۆرۆنا ئێستا لە هەر هۆڵێکی 100 کەسی 50 کەس دادەنیشن و لەو ژمارەیە کەمتر لە 25 کەس سەردانی سینەماکان دەکەن.
 
شەهد کەنعانی، بەڕێوەبەری ئیماپەر سینەما لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە دڵنیاییەوە وەکو زۆربەی بوارەکانی دیکە کەرتی سینەماش  وەکو رابردوو نییە، لەبەر دۆخی ئابووری و خراپیی باری دارایی." ئەو لەبارەی ژمارەی بینەرانی فیلم دەڵێت، "ئەگەرچی وەک پێشتر نییە، بەڵام زۆر باشترە لە سەرەتاکان [مانگی ئادار] کە دەرگەی هۆڵەکانمان کردەوە."
 
لە گەورەترین سینەمای کوردستان و عێراق 14 هۆڵ هەن و رۆژانە 10 فیلم نمایش دەکرێن، نرخی هەر بلیتێکیش 14 هەزارە.
 
لە هەر 10  فیلمێک کە لە هۆڵەکان نمایش دەکرێن، تەنیا یەکێکیان فیلمی کوردییە و خەڵک کەمتر سەیری فیلمی کوردی دەکەن.
 
ئاسۆ لوقمان، بەڕێوەبەری رۆیاڵ سینەما بە رووداوی گوت، "فیلمە کوردییەکان زۆر بینەریان کەمە، تەنیا هەندێک فیلم هەیە کە ئەکتەری بەنێوبانگی تێدایە بینەریان کەمێک هەیە."
 
سەرهەنگ واحید، هاونیشتمانییەکە و دەڵێت، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە فیلمە کوردییەکان بە کەمی بەرهەمدەهێندرێن.
 
لە هەرێمی کوردستان شەش سینەما هەن کە هەر کامیان لەنێوان 5 بۆ 14 هۆڵیان هەیە. 
 
ئێستا لە زۆربەی وڵاتان سینەما وەکو کەرتێکی بازرگانی سەیر دەکرێت کە رێگەیەکە بۆ ناساندنی کولتوور و زمانی خۆیان بەیەکدی و بەدەستهێنانی داهات. ئەوەش کەرتێکی گرنگە کە لە کوردستان پێویستی بە پاڵپشتیی زیاتری حکومەت و خەڵکە.