لە کەرکووک باوکێک منداڵەکەی ئەشکەنجە دەدات
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی کۆمەڵگەیی لە عێراق رایگەیاند، منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان لەلایەن باوکیەوە بە تووندی ئەشکەنجە دراوە و بەهۆیەوە منداڵەکە رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەرکووک کراوە. بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆمەڵگەیی کەرکووک دەڵێت، "دایک و باوکی منداڵەکە ماوەیەکە کێشەی خێزانییان هەیە."
رۆژی دووشەممە 18-07-2022 پۆلیسی کۆمەڵگەیی لە عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی دۆسیەی ئەو منداڵەوە بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "ئەو منداڵە بەهۆی ئەشکەنجەدانی زۆرەوە لەلایەن باوکیەوە، رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەرکووک کراوە، هەروەها دۆسیەی ئەو منداڵە رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی خێزان و منداڵ کراوە، کە لایەنی بەرپرسە لەو دۆسیەیە بە مەبەستی وەرگرتنی رێوشوێنی یاسایی پێویست دژی ئەو منداڵە، دوای ئەوەی لەلایەن پۆلیسی کۆمەڵگەییەوە بە فەرمی دۆسیەکەی وەرگیرا."
هەر لەو راگەیێندراوەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، "پۆلیسی کۆمەڵگەیی بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوونی دۆسیەی ئەو منداڵە، تاوەکو دەگاتە ئەنجام."
عەقیدی مافپەروەر غالب جبووری، بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆمەڵگەیی کەرکووک لەبارەی دۆسیەی ئەو منداڵەوە گوتی، "ماوەیەکە کێشەی خێزانی کەوتووەتە نێوان دایک و باوکی ئەو منداڵە و بەهۆیەوە دایکی تۆراوە، منداڵەکانی ئەو پیاوە بەشەڕ هاتوون، ئەویش تووڕە بووە و بە تووندی لێیداوە، بەهۆی ئەشکەنجەوە منداڵەکە رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و چارەسەر وەردەگرێت."
بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە ساڵی 2020دا زیاتر لە 14 هەزار دۆسیە و لە ساڵی 2021یش زیاتر لە 15 هەزار دۆسیەی تووندوتیژی دژی خێزان و منداڵ لە عێراق تۆمار کراون.
ـ