زانیاری لەبارەی ئەو هێلیکۆپتەرەی لە سنووری بالیسان بینرا
رووداو دیجیتاڵ
هێلیکۆپتەرێک لە چیای شۆپە لە گوندی شێخ وەسانانی سەر بە ناحیەی بالیسان لە سنووری قەزای شەقڵاوە بینرا، بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان دەڵێت، هێلیکۆپتەرەکە نەنیشتووەتەوە، نزیکەی خولەکێک وەستاوە و دواتر رۆیشتووە.
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 18-07-2023، بەشێک لە خەڵکی گوندی شێخ وەسانان هێلیکۆپتەرێکیان لەسەر چیای شۆپە بینی، لە گرتەیێکیشدا کە بۆ رووداو نێردراوە، هێلیکۆپتەرێک دەبیندرێت و کەسێک دەڵێت، "لە بەیانییەوە لەسەر چیاکان دێت و دەچێت و نازانین هۆکار چییە".
مەهدی مستەفا، بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەیانیی ئەمڕۆ هێلیکۆپتەرێک لە کەلێتەی پشت گۆندی شێخ وەسانان بینراوە، بەڵام نەنیشتووەتەوە و تەنیا یەک خولەک لەسەر چیاکە وەستاوە و دواتر بەرەوە دەشتی هەریر رۆیشتووە".