دەستەی گەشتوگوزار بۆ بەشێک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکان: رووبەڕووی لێپرسینەوەتان دەکەینەوە

رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند سزای ئەو کۆمپانیا گەشتیارییانە دەدات کە پارەی چوونەژوورەوە  بۆ سەیرانگە و هاوینەهەوار و شوێنەگەشتیارییەکان لە گەشتیاران وەردەگرن. بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاریش دەڵێت: "ژمارەیەک کۆمپانیا سەرپێچییان کردووە و گەشتیاران سکاڵایان لەلای ئێمە کردووە."
 
شەوی دووشەممە، 17-7-2023، دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی وەرگرتنی پارە لەلایەن کۆمپانیا گەشتیارییەکانەوە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە هیچ بڕە پارەیەک لە گەشتیاران وەرناگیرێت لە بەرامبەر هاتنە ژوورەوەیان بۆ سەیرانگا و هاوینەهەوار و شوێنە گەشتیارییەکان."
 
دەستەکە سەرجەم کۆمپانیا گەشتیارییەکان ئاگاداردەکاتەوە، کە بە هیچ شێوەیەک نابێت پارە وەربگیرێت لەبەرامبەر چوونەژوورەوەی گەشتیاران بۆ سەیرانگا و هاوینەهەوار و شوێنە گەشتیارییەکان: "بە پێچەوانەوە، لایەنی سەرپێچیکار رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لەوبارەیەوە بە رووداوی گوت: "سکاڵای ژمارەیەک گەشتیار گەیێندراوەتە دەستەی گەشتوگوزار، کە تێیدا دەڵێن لەلایەن کۆمپانیاکانەوە داوای پارەی چوونەژوورەوەیان لێدەکرێت بۆ سەیرانگە و هاوینەهەوارەکان، بەڵام ئێمە ئەوە رەتیدەکەینەوە و لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەش دەکەین، کە سەرپێچی دەکەن."
 
بەپێی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە ماوەی شەش رۆژدا، واتە  لە رۆژی 26-6-2023، تاوەکو رۆژی 1ـی تەممووزی 2023،  689 هەزار و 889 گەشتیار و سەردانیکار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، لەو ماوەیەدا 143 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای هەولێریان کردووە، 113 هەزار سەردانی پارێزگای سلێمانی، 96 هەزار سەردانی پارێزگای دهۆک و 100 هەزاریشیان سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کردووە.