هاونیشتمانییانی زڕگان داوای پاراستن لە سوپای رووسیا دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانیانی شارۆچکەی زڕگان رێیان لە کاروانێکی سەربازی سوپای رووسیا گرت و داوایان لێدەکەن یان بیانپرێزن یان نەیەنە ناوچەکەیان.
شەوی رابردوو سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکان زڕگانیان بۆردوومان کرد، دوو کەس کوژران و 11 کەسی دیکەش برینداربوون، خەڵکێکی زۆریش ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشت.
وەک ناڕەزایێتییەک لە بەرامبەر ئەو بۆردوومانە خەڵکی زڕگان لە حەسەکە رژانە سەر شەقامەکان و رێگەیان لە کاروانێکی سەربازیی رووسیا گرت.
محەممەد عوسمان یەکێکە لەو هاونیشتمانییانەی کە لە گردبوونەوەکە بەشدارە و دەڵێت "رووسیا راستناکات و ئەوەی روودەدات بەهۆی ئەوانەوەیە."
ئەو بۆردوومانەی لەلایەن هێزەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکان کراوە لەلایەن هاونیشتمانییانی ئەو ناوچەیە وەک بارانێک کە دێتە خوارێ ناوی دەهێنرێت کە نە مرۆڤ نە ئاژەڵ رزگاریان نەبووە.
زیاتر لە 50 بۆ 60 تۆپ زڕگان و دەوروبەری ئەو ناوچەیە کەوتوونەتە خوارەوە و بەپێی ئامارەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دوو کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و 15 کەسیش برینداربوون.
عەلی عەبدولهادی، هاونیشتمانی دەڵێت " ژنێک مرد و چوار یان پێنج کەس برینداربوون، وێنرابوونی ناوچەکە بە چاوی خۆتان دەبین و خەڵک ماڵەکانیان چۆڵکردن."
هەشت خانوو لە گەڕێک بەر تۆپباران کەوتوون و رووخاون. هاونیشتمانییەک بە ناوی حیسام عەبدولحەمید دەڵێت، زیاتر لە کاژێرێک تۆپبارانەکە بەردەوام بوو و خەڵک هەمووی ترسان و هەڵاتن.
ئارام هینا، گوتەبێژی هەسەدە بە رووداوی راگەیاند " شەوی رابردوو تورکیا بە تۆپی قورس ناوەندی زڕگانی کردە ئامانج و زیانێکی زۆری لە خەڵکی سڤیل دا و چەند هاووڵاتییەک بەهۆی بۆردوومانەکەوە بوونە قوربانی."
زرگان 22 کیلۆمەتر لە تلتەمر و 26 کیلۆمەتر لە سەرێ کانێ دوورە، وەکو یەکێک لە شوێنە نائارامەکان دەناسرێت.