سەرۆک بارزانی گەیشتە ئاکرێ


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک مەسعود بارزانی دوای گەیشتنی بە ئاکرێ، لەگەڵ کەسایەتی و بەرپرسانی کارگێڕی و حیزبی کۆبووەوە و پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداویش دەڵێت، هەر ئەمڕۆ دیدارێکی لەگەڵ خەڵکی قەزاکە دەبێت. 

ئەمڕۆ هەینی، 18-08-2023، سەرۆک مەسعود بارزانی گەیشتە ئاکرێ و لە بارەگای لقی نۆی پارتی لەگەڵ هەندێک کەسایەتی و بەرپرسانی کارگێڕیی پارێزگای دهۆک و کارگێڕانی حیزبی کۆبووەوە و بڕیارە دیدارێکیشی لەگەڵ جەماوەر و خەڵکی ناوچەکە هەبێت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، هەریەکە لە پارێزگاری دهۆک، قایمقامی ئاکرێ، قایمقامی بەردەڕەش، پشتیوان سادق، بەرپرسی رێکخستنی پارتی لە دهۆک و کارگێڕانی لقی نۆ لە کۆبوونەوەکە لەگەڵ سەرۆک بارزانیدا بەشدار دەبن.
 
دوای کۆبوونەوەکە، سەرۆک مەسعود بارزانی کاژێر 16:00 سەردانی هۆڵی کۆنفرانسەکانی ئاکرێ دەکات و دیدارێکی لەگەڵ جەماوەر و خەڵکی قەزای ئاکرێ دەبێت و گوتارێکیش پێشکێش دەکات.
 
ئامانجی سەردانەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی دیدار لەگەڵ لایەنی کارگێڕی، حیزبی و خەڵکی ناوچەکەیە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گوێبیستی داخوازییەکانی خەڵک و ئاگاداری رەوشی ناوچەکە بێت.