پێنج رۆژە ئێران ئاوی زێی بچووکی گرتووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین رایگەیاند، پێنج رۆژە ئێران ئاوی زێی بچووکی گرتووەتەوە، ئەمەش هەڕەشەی بێ ئاوی لەسەر نزیکەی 100 هەزار دانیشتووی ناوچەکە و کشتوکاڵ و سامانی ماسی دروستکرووە. دەشڵێت، "ساڵانە ئێران لەو کاتانەدا ئاوەکە دەگرێتەوە."
 
رۆژی هەینی، 18-8-2023، ئەندازیار سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "ماوەی پێنج رۆژ دەبێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاوی زێی بچووکی گرتووەتەوە، کە سەرچاوەی ئاوی نزیکەی 100 هەزار کەسە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، ئێستا بەنیوەی توانای خۆمانەوە کاردەکەین، چونکە ئێران 100٪ـی ئاوەکەی گرتووەتەوە."
 
ئەندازیار سەلام عومەر ئاماژەی بەوەدا، کاریگەریی گرتنەوەی ئاو دوای هەفتەیەک دەردەکەوێت، بۆیە جگە لە مەترسی لەسەر ئاوی خواردنەوە، مەترسی لەسەر سامانی ماسی و کشتوکاڵی ناوچەکەش هەیە، هەرچەند هەندێک چاکسازییان لە رووبارەکە کردووە و کاری تێدا دەکرێت، بەڵام گرتنەوەی ئاوەکە لێکەوتەی خراپی دەبێت.
 
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی راپەڕین لەبارەی هۆکاری گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک، ئاشکرایکرد، "لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان بەنداوی سەردەشت هەیە لە نزیک گوندی کوڵەسە، ئێران ساڵانە لە وەرزی هاویندا ئاو کۆدەکاتەوە، چونکە لە زستاندا ئاوەکە قوڕ و لیتەیە، بەوپێیە ئەو چەند مانگەی هاوین ئاوەکە دەگرێتەوە."
 
بەهۆی گرتنەوەی ئاوەکەوە، پڕۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ، لە ئاگادارییەکدا بۆ هاونیشتمانییان رۆژی پێنجشەممە، 17-8-2023، رایگەیاند، "بەهۆی کەم ئاویی زێی بچوک و گرتنەوەی ئاوەکە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، نەتوانرا بەشێوەی رۆژانە ئاو دابەش بکرێت، بە هاوکاری لەگەڵ بەڕێزانی فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ سبەی رۆژی هەینی پڕۆژەکەمان کار پێدەکەین و گەڕەکی شەهیدان ئاوی پێدەدرێت کە ئەمڕۆ ئاویان بۆ نەهاتووە."
 
سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین گوتی، "ئەو بەنداوە لە ساڵی 2017ـەوە لە سەردەشت دروستکراوە، لەو کاتەوە بەردەوام لە وەرزی هاویندا رووبەڕووی ئەو کێشەیە دەبینەوە، هەرچەندە بڕیاربوو بەنداوی دەگەڵە دروستبکرێت کە چارەسەری کەمئاوی سنووری ئیدارەی راپەرین دەکات، بەڵام جێبەجێ نەکراوە."
 
ئاوی زێی بچووک جگە لەوەی سەرچاوەی ئاوی دانیشتووانی قەڵادزێیە، هاوکات دەڕژێتە بەنداوی دووکان و بەشێکی کۆیە و تەقتەقیش سوود لە هەمان ئاو وەردەگرن. ساڵی رابردووش بە هەمانشێوە، رۆژی 25ـی ئاب، ئێران سەرچاوەی ئاوی زێی بچووکی گرتەوە.