لە مووشی باکووری کوردستان دوو ئەویندار کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن


رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای مووشی باکووری کوردستان دوو ئەویندار بە ناوەکانی دیلان تونا و یەعقوب سۆنمەز، کە ساڵانێک بوو یەکدییان خۆشدەویست، بەڵام ئاستەنگییان بۆ دروستکرا و بە زۆر لەیەکدی جیاکرانەوە، لە ماوەی سێ رۆژدا بە جیا کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.
 
رووداوەکە لە گوندی (کۆت)ی سەر بە شارۆچکەی کۆرکوتی شاری مووش روویداوە و بەگوێرەی گوتەی گوندنشینان، دوای ئەوەی خانەوادەکەی داخوازیی ماڵی یەعقوبیان رەتکردەوە، رۆژی 10-8-2023 دیلان بە چەک کۆتایی بە ژیانی خۆی ‌هێناوە. سێ رۆژ دوای رووداوەکە 13-8-2023 یەعقوب بە هەمانشێوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. 
 
رووداوەکە لە میدیاکانی باکووری کوردستان و تورکیادا بڵاوبووەوە و کاردانەوەی بەدوادا هات. 
 
یەکێک لە هاوڕێکانی یەعقوب لە گوندی کۆت کە نەیویست ناوەکەی بڵاوبکرێتەوە باسی لەوە کرد، یەعقوب و دیلان ماوەی 9 ساڵ بوو یەکدییان خۆشدەویست و تەواوی گوندەکەش دەیانزانی. گوتیشی، "کاتێک رۆژی 10-8-2023 ماڵی یەعقوب چوونە ماڵی دیلان و داخوازییان کرد، بەڵام باوکی دیلان بە تووندی رەتیکردەوە کچەکەیان پێبدات. لەوکاتەدا دیلان ویستوویەتی بۆچوونی خۆی بڵێت، باوکی تووڕە بووە و زلـلەی لێداوە. لە بەرامبەر ئەوەدا دیلان دواتر چەکێکی لە ماڵەکەیاندا دەستکەوتووە و گولـلەیەکی بە دڵی خۆیەوە ناوە".
 
لەکاتێکدا پێشتر لە میدیا نێوخۆییەکانی مووش وابڵاوکرایەوە کە گوایە لەسەر شیربایی (پارەی پێشەکی) بووە، بەڵام ئەو هاوڕێیەی یەعقوب رەتیکردەوە و گوتی، "بابەتەکە پارە و شت نەبوو. باوکی دیلان لەسەر هۆکاری زۆر سادە و بێ مانا کچەکەی خۆی بە یەعقوب نەدا. هیچ کێشەیەک لە ئارادا نەبوو، بەڵام شتی بچووک گەورە کران".
 
دوای رووداوەکە لەسەر ویستی دایکی هەردووکیان، دیلان و یەعقوب لە تەنیشت یەکدی نێژران.