مەلا بەختیار: بەرهەم ساڵح بگەڕێتەوە نێو یەکێتی دەبێتە یەکێک لە بەربژێرەکانمان
رووداو - سلێمانی
مەلا بەختیار رایگەیاند، ئەگەر بەرهەم ساڵح بگەڕێتەوە نێو یەکێتی ئەوا دەبێتە یەکێک لە بەربژێرەکانی حیزبەکەی بۆ سەرۆککۆماری عێراق.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ برێت مەکگۆرک، مەلا بەختیار رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕیاری فەرمی لەلایەن هاوپەیمانییەوە دەرنەچووە بۆ ئەوەی بەرهەم ساڵح بگەڕێتەوە نێو یەکێتی، بەڵام هەرکات بڕیاری فەرمی لەلایەن هاوپەیمانی دەرچوو بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە نێو یەکێتی ئەو کاتە بەرهەم ساڵح بۆی هەیە ببێتە یەکێک لە بەربژێرەکان بۆ سەرۆککۆماری عێراق.
مەلا بەختیار بە رۆژنامەڤانی گوت "قسەکانتان بیستووە کە بەربژێرەکان کێن، ئەوەشی یەکلاییدەکاتەوە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتییە کە یان سبەی یان دوو سبەی کۆدەبێتەوە".
لەبارەی ئەگەری کشانەوەی لەکاتی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح، مەلا بەختیار رایگەیاند "ئەوە مافێکی خۆمە و تەنیا بە قەناعەتی خۆم بڕیاردەدەم".
برێت مەکگۆرک رایگەیاند، پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق بەرەوپێش دەڕوات، بۆ ئەوەی حکومەتێکی بەهێز دروستبکرێت، هەروەها متمانەیان زۆرە کە لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیاری گرنگ دەدرێن بۆ ئەوەی لە ماوەی دەستووریدا حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت، ئەوەش بڕیاری سەرکردە عێراقییەکان و کوردستانییەکانە.لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان، مەکگۆرک ئاماژەی بەوەکرد، باسی قوربانییەکانی پێشمەرگەیان کردووە لە شەڕی دژی داعش و پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستانیش مێژوویین و بەردەوامدەبن.