داوا لە قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحموود دەکرێت بگەڕێنەوە نێو گۆڕان

 رووداو - سلێمانی 

بزووتنەوەی گۆڕان دەیەوێت بەرلەوەی بگاتە رۆژی کۆنفرانسی نیشتمانی، هەموو ئەوانە ئاشتبکاتەوە کە لە بزووتنەوەکە نیگەرانن و جێیان هێشتووە.

خانەی راپەڕاندن لە یەکەمین کۆبوونەوەی دوای دەستبەکاربوونی ئاشتکردنەوەی زوویربووانی حیزبەکەی کردە بڕیار و پلانیشیان بۆ داڕشتووە.

دەرباز محەممەد، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ "مەکۆکان، ژوورەکان، خانەی راپەڕاندن، رێکخەری گشتی، جڤاتەکان و هەموو ئۆرگانەکان دەرگایان کراوەیە، ئەمەش بانگەوازێکە بۆ  هەموو ئەو ئازیز و دڵسۆزانە، ئێمەش خۆمان سەردانی بەشێک لەو برادەرانە  دەکەین".

بڕیاری جڤاتی نیشتمانی گۆڕان وایە؛ تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، دووەمین کۆنگرەی نیشتمانی ببەستن، رۆژەکەی هێشتا یەکلانەبووەتەوە، بەڵام دەنگێک هەیە دەیانەوێت، 26-12 واتا هەمان رۆژی کۆنفرانسی نیشتمانی یەکەم، دیاریبکرێت.

ئەوانەی قسەیان لەگەڵ دەکرێت بۆ گەڕانەوە بۆ نێو گۆڕان زۆرن، بەڵام دیارترینیان قادری حاجی عەلی، عوسمانی حاجی مەحموود و ساڵح ژاژڵەین بۆ ئەوەی لەڕێی ئەوانیشەوە ئەو دەنگدەرانە بگەڕێنەوە، کە 2009 گۆڕانیان کردە هێزی دووەمی کوردستان.

هێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان باس لەوە دەکات "بەشێک لە گلەییەکانی ئەوان لە رابردوودا وەکو لە میدیاکان دەبیسترا ئەوەبوو: بزووتنەوەی گۆڕان و سەرکردایەتییەکەی گوێی لێ نەگرتوون، هەنگاوی یەکەم کاتێک لە دەرگای ئەوان دەدەین، ئەمە گوێگرتنە لەوەی رەخنە و تێبینی و سەرنجەکانیان دەکەین بە پرۆژە بۆ داهاتووی بزووتنەوەی گۆڕان".

بەرلەوەی بانگەوازەکەی خانەی راپەڕاندن بۆ گەڕاندنەوەی نیگەرانەکان بگات بەگوێی هەموویان، لەنێویاندا ئەو دەنگە بیسترا کە پێناچێت جارێکی دیکە نیلیپۆش بن.

عادل کاکەیی، یەکێک لە  یەکێکیانە و دەڵێت داوامان کرد بەر لە هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن کۆنگرە ببەسترێت، بەڵام کە نەکرا تازە کار لە کار ترازاوە.

ئەندامی دەستلەکارکێشاوەکەی جڤاتی گشتیی گۆڕان گوتی "ئەو راسپاردە و پێشنیازانەی جڤاتی گشتی دەیکردن بۆ جڤاتی نیشتمانی جێبەجێ نەدەکران و، نەدەچوونە بواری جێبەجێکردنەوە، هەندێکجار وەکو پێویست گوێشیان لێ نەگیراوە، ئەو برادەرانە هەر لەکۆنەوە هەمووی دۆست و هاوڕێی ئێمەن، بەڵام وەکو ئەوەی من بگەڕێمەوە نێو بزووتنەوەی گۆڕان و جارێکی دیکە گۆڕان بم، زەحمەتە".

یەکەمین جار نییە بزووتنەوەی گۆڕان بۆ گەڕاندنەوەی هەڵسوڕاوە نیگەرانەکانی ئەسپی خۆی تاودەدات، بەڵام هێشتا دەستکەوتەکەیان ئەوە نەبووە، کە بەرەوڕووی رۆشتوون.