بەهۆی رووفاتی ئەنفالکراوانی گەرمیان سکاڵا دژی وەزارەتی تەندروستی و دادپزیشکی بەغدا تۆمارکرا

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق بەهۆی پشکنین نەکردن بۆ 171 رووفاتی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی گەرمیان کە چوار ساڵ لەمەوبەر لە شاری سەماوەی باشووری عێراق دۆزرانەوە، سکاڵای لەسەر وەزارەتی تەندروستی و دادپزیشکیی عێراق تۆمارکرد.
 
کاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "رۆژی یەکشەممە (17ـی ئەیلوولی 2023) لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و بەدیاریکراوی لە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی، لەگەڵ دادوەر نەجم عەبدوڵڵا ئەحمەد، سەرۆکی داواکاری گشتی کۆبووینەوە و نووسراوێکی فەرمیمان رادەست کرد و سکاڵامان لەسەر وەزارەتی تەندروستیی عێراق و پەیمانگەی پزیشکی دادوەریی بەغدا تۆمارکرد."
 
سەبارەت بە هۆکاری تۆمارکردنی سکاڵاکە، روونیکردەوە "بەهۆی جێبەجێنەکردنی بڕگەی پێنجی مادەی شەشی یاسای پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق، ژمارە 13ـی ساڵی 2015، چونکە ئەو لایەنانە پشکنینی DNAـیان بۆ رووفاتی ئەنفالکراوانی گەرمیان نەکردووە؛ هەرچەندە ماوەی 4 ساڵ دەبێت ئەو رووفاتانە لە دادپزیشکی بەغدان."
 
ئەوەشی گوت "سەرۆکی داواکاری گشتی بڕیاریدا دۆسیە بۆ داواکارییەکە بکرێتەوە و هەمان رۆژ (یەکشەممە) نووسراوی ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی عێراق کرد بۆ کاری پێویست."  
 
لە ئابی ساڵی 2019 بەهۆی گەردەلوول لە ناوچەی تەلشێخەی سنووری شاری سەماوە، هەندێک جلوبەرگ و ئێسک دەرکەوتن و دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنی پەیوەندیدار لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە، دواتریش سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکە، سێ گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزرانەوە؛ یەکێک لە گۆڕەکان هەڵدرایەوە و دووەکەی دیکە تەنیا دیاریکران؛ لەو گۆڕەی هەڵدرایەوە 171 رووفات هەبوون کە سەرجەمیان ژن و منداڵ بوون؛ لەو کاتەوە رووفاتەکان لە دادپزیشکیی بەغدا ماونەتەوە.
 
لە پڕۆسەی ئەنفالی باشووری کوردستاندا لە لایەن دەسەڵاتی بەعسی عێراقەوە لە ساڵی 1980 بۆ 1988، زیاتر لە 182 هەزار هاونیشتمانی ئەنفالکران کە زۆرینەیان لە دەڤەری گەرمیان بوون؛ تاوەکو ئێستاش کەمتر لە چوار هەزار رووفاتیان گەڕێندراونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
 
وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (سێشەممە، 9-8-2022) رایگەیاند بەهۆی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی كۆرۆناوە گەڕانەوەی رووفاتەکان دواکەتووە. 
 
راشیگەیاند "وەزارەتمان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەنديدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئامادەكاری پێویستی کردووە بۆ هێنانەوەی شكۆمەندانەی رووفاتەكان و بەخاكسپاردنەوەیان لە زێدی خۆیان".