ئەندامێکی کەنەکە: کوشتنی ئەندامەکەمان لە هەولێر کارێکی تیرۆریستییە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد "کەنەکە" رایگەیاند ئەو کەسەی ئەمڕۆ لە بارەگاکەی ئەوان لە شاری هەولێر کوژرا، ئەندامی ئەوان بووە و خەڵکی گەڤەری باکووری کوردستانە، دەشڵێت: "رووداوەکە تیرۆریستییە و بکوژەکە لە کامێراکان بە روونی دەرکەوتووە."
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 18-09-2023 ئەندامێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، بەناوی دەنیز هێڤی، ناسراو بە دەنیز گەڤەری، لە نێو بارەگای کەنەکە لە شاری هەولێر، هێرشی کرایە سەر و کوژرا.
شوکڕوڵڵا حەمەدئەمین، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد "کەنەکە" لە ئۆفیسی شاری هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رووداوەکە کاژێر 1:30 روویداوە، کەسێک کە دەموچاوی نەپێچاوە و هیچ دەمامێکی نەبەستووە چووەتە سەر بارەگاکەمان لە گەڕەکی شۆڕشی شاری هەولێر و دوای ئەوەی لە دەرگای داوە ئەو هەڤاڵەمان دەرگای کردووەتەوە و بکوژ لە دیوی ژوورەوەی دەرگاکە چەند گوللەیەکی پێوەناوە و کوشتوویەتی."
ئەو ئەندامەی کەنەکە لەبارەی تەقەرەکەوە گوتی: "بەپێی شایەتحاڵەکان بکوژەکە دوای کوشتنی ئەو هەڤاڵەمان نزیکەی 50 مەترێک رایکردووە، دواتر بە ئاسایی خۆی رۆیشتووە و شوێنەکەی بەجێهێشتووە."
بە گوتەی شوکڕوڵڵا حەمەدەمین، ئەوان ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ دەبێت بە فەرمی مۆڵەتی کارکردنیان لەشاری هەولێر هەیە. گوتیشی: "ئەو هەڤاڵەی ئێمە کە کوژراوە لە ئۆفیسی هەولێر کاری دەکرد و ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بووە و لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە ناسراو بووە."
لەبارەی ناسنامەی بکوژی ئەو ئەندامەی کەنەکەوە، شوکڕوڵڵا حەمەدئەمین ئاشکرایکرد کە ئەوانەی لە نزیک رووداوەکەوە بوون و ئاگایان لێبووە پێیانگوتوون کە کەسێکی رەشتاڵە بووە و جانتایەکی لە شان بووە و بە پێ بووە و دوای ئەوەی لە دەرگای داوە دەنیز هێڤی دەرگای لێکردووەتەوە.
شوکڕوڵڵا حەمەدەمین دەڵێت ئەوە یەکەمجار ئەندامێکیان لە شاری هەولێر بکوژرێت و ئەوەش بە پێشهاتێکی مەترسیدار زانی و گوتی: "دەبێت دەزگا ئەمنییەکان بکوژەکە ئاشکرا بکەن."
بیرۆکەی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دەگەڕێتەوە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دواجار لە 22ی تەممووزی 2013، لە شاری ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی و چاودێریی راستەوخۆی سەرۆک مەسعود بارزانی یەکەمین کۆبوونەوەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی بەڕێوەچوو، بۆ یەکەم جار 39 حیزبی سیاسی کورد کە نوێنەرایەتیی توێژەکانی گەلی کوردیان لە ھەر چوار پارچەی کوردستان دەکرد، کۆبوونەوە.