فەرماندەیی كۆماندۆ: ماوەیەكە هەر جارە و بە بیانوویەك سنووری سلێمانی دەكرێتە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی كۆماندۆی كوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ماوەیەكە هەر جارە و بە بیانوویەك سنووری سلێمانی دەكرێتە ئامانج کە مەبەست لێی تێکدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستانە."
شەوی دووشەممە، 18-9-2023، فەرماندەیی كۆماندۆی كوردستان، راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت کردەوە، کە شەش کوژراو و برینداری لە هێزەکانی دژەتیرۆر لێکەوتەوە.
فەرماندەیی كۆماندۆی كوردستان دەڵێت: "پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی 9ـی 2023 هێرشێكی تیرۆرستی كرایە سەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵیی عەربەت لە سلێمانی كە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی شەش لە برا و هاوسەنگەرەكانمان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر".
فەرماندەیی كۆماندۆی كوردستان، لەگەڵ سەرکۆنەکردنی هێرشەکەدا دەڵێت: "ئەو هێرشە تیرۆریستییە لە چوارچێوەی ئەو پیلانانەدایە، كە ئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنووری سلێمانییە، ماوەیەكە هەر جارە و بە بیانوویەك ئەم سنوورە دەكرێتە ئامانج."
فەرماندەیی كۆماندۆی كوردستان راشیگەیاندووە: "گەلی كوردستان و براكانمان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر دڵنیا دەكەینەوە، كە پێكەوە دەبینە دەستێكی پۆڵاین بۆ ریسواكردنی بەكرێگیراوان و خاكفرۆشان و چاوساغانی بێگانە و ناهێڵین خوێنی گەشی شەهیدانمان بە هەدەر بڕوات، كە مەرامیان وەك رۆژی رووناك دیارە."
کاژێر 04:05ی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت بیسترا؛ دابان محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت لەبارەی رووداوەکە رایگەیاند، هێرشەکە بە درۆن کراوە.
دژە تیرۆری گشتی هەرێمی کوردستان (CTG) لەبارەی بۆردوومانەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سێ پێشمەرگەیان "شەهیدبوون" و سێ ئەندامی دیکەیان برینداربوون.
دژە تیرۆر هەڕەشە لەو کەس و لایەنانە دەکات کە هاوکار بوون لە رووداوەکەدا و دەڵێت: "ئەو تاوانە کە بەچاوساغی نۆکەرانی بێگانە و سیخوڕانی ناوخۆیی کرا، بەبێ سزا تێناپەڕێت و هەر لایەن و جاسوسێک هاوکاربووبیت رووبەڕووی سزا و یاسا و ویژدانی نەتەوەکەمانی دەکەینەوە."