خوێندنی باڵا بۆ دەرچووانی ئامادەیی: لە بەیانییەوە دەتوانن داواکاریی وەرگرتن پێشکێشی زانکۆ و پەیمانگە ئەهلییەکان بکەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رێنوێنی و مەرجەکانی وەرگرتنی لە زانکۆ و پەیمانگە ئەهلییەکان بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە رۆژی سێشەممە 19ـی ئەیلوولەوە دەتوانن داواکارییەکانیان بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە ئەهلییەکان پێشکێش بکەن.
شەوی دووشەممە، 18-9-2023، وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى رێنوێنی و مەرجەکانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، گشتاندنێکی تایبەت بەو بابەتەی رەوانەی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بۆ کاری پێویست کردووە.
وەزارەتەکە دەڵێت: "رۆژی دووشەممە 18-9-2023، رێنوێنی ژمارە 10ـی تایبەت بە (رێنوێنی و مەرجەکانى وەرگرتنى قوتابییان/خوێندکاران بۆ ساڵى خوێندنى (2023-2024) لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان لە هەرێمى کوردستانـی ئاڕاستەى گشت زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان کردووە بۆ ئەنجامدانى کارى پێویست."
هەروەها هاتووە: "بۆ ئەم مەبەستە لە سبەینێوە پرۆسەى پێشکێشکردن بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکات."
بۆ خوێندنەوەی دەقى رێنوێنییەکان کلیک بکە
هەروەها لیست و ناوى زانکۆ و پەیمانگە باوەڕپێکراوەکانى هەرێمى کوردستانی بڵاوکردووەتەوە؛ بۆ خوێندنەوەی کلیک بکە
کۆتایی مانگی رابردوو، وەزارەتی پەروەردە لیستی ناوی دەرچووانیی پۆلی 12ـی ئامادەیی رادەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا کرد، کە 47 هەزار و 629 خوێندکارن، بەڵام بەپێی وەزارەتی خوێندنی باڵا هێشتا دیارنییە بۆ خوێندنی ئەمساڵ چەند لەو دەرچووانە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن.