گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ داوای سزادانی دەمیرتاش دەکات
رووداو دیجیتاڵ
گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دژی بڕیاری بێتاوان دەرچوونی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و سیاسەتڤانانی دیکەی هەدەپە لە دۆزی کۆبانێ، تانەی لە بڕیاری دادگە داوە و داوای سزادانی کردوون.
بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، دوای ئەوەی لە دۆزی کۆبانێدا سەڵاحەدین دەمیرتاش و سیاسەتڤانانی دیکەی هەدەپە لە تۆمەتی "زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵ" بێتاوان دەرچوون، گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ تانەی لە بڕیارەکە داوە و داوای سزادانی سیاسەتڤانانی هەدەپەی کردووە.
سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری جەهەپە لە بازنەی ئامەد گوتی: "زۆر هەڵە و ناحەقییە ئەو سکاڵایەی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ وەکو هەڵوێستێکی سیاسی لێکبدرێتەوە. گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتیی ئاکپارتیدا ببووە لایەنێک لەو دۆزەی لە ئەنقەرە کرابووەوە. لە دۆزەکەدا ئەو کاتە چەسپێنراوە کە گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ لە تاوانەکە زیانی بەرکەوتووە. پارێزەران ناچارن تانە لە بڕیارەکە بدەن."
گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ لە تانەکەیدا بۆ دادگەی پێداچوونەوە رایگەیاندووە: "لەبەرئەوەی ئاشکرا بووە کە تۆمەتباران دژی ئیدارەکەی ئێمە تاوانی 'زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵی گشتی'یان کردووە، دەبوو سزا بدرێن، بەڵام بڕیاری بێتاوانیان بۆ دەرچووە کە ئەمە پێچەوانەی یاسایە."
شارەوانییەکە راشیگەیاندووە، "زیانەکانی ئیدارەکەی ئێمە قەرەبوو نەکراوەتەوە و بەردەوامن. هەر بۆیە داوا دەکەین بڕیاری بێتاوان دەرچوونی تۆمەتباران هەڵبوەشێنرێتەوە و سزا بدرێن."