پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی: 30 قوتابخانه‌ له‌ سنووره‌كه‌مان مه‌ترسیی رووخانیان له‌سه‌ره‌


رووداو دیجیتاڵ

شه‌نگه‌ عوسمان، لێپرسراوی هۆبه‌ی بیناسازی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی په‌روه‌رده‌ی رۆژئاوای سلێمانی رایگەیاند، لە سنوورەکەیاندا نزیکەی 30 قوتابخانە مەترسیی رووخانیان لەسەرە و پێویستیان بە دروستکردنەوە هەیە، هاوکات بۆ کۆتاییهێنان بە سیستمی دوو دەوامی، پێویستییەکی زۆریان بە قوتابخانەی نوێ هەیە.
 
شەنگە عوسمان لە میانی بەشداریکردنی لە نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە دڵدار هەرکی پێشکێشی کرد، ئاماژەی بە باڵەخانە تەواونەکراوەکانی قوتابخانەکان کرد و گوتی، "ئەگەر بمانەوێت بەشێوەیەکی پرۆفیشناڵانە دەوامی قوتابخانەکان رێکبخرێتەوە، ئێستا چەند قوتابخانەمان هەیە ئەوەندی دیکەمان پێویستە، کە ئێستا 420 قوتابخانەمان هەیە". 
 
رۆژی یەکشەممە، 21-9-2025، یەکەم رۆژی دەستپێکردنی خوێندنە، بەڵام کێشەی نۆژەنکردنەوەی بینای قوتابخانە و کەمیی قوتابخانە لە زۆر ناوچەی هەرێمی کوردستان چارەسەر نەبووە، هێشتا لە هەندێ شوێن خوێندن لەنێو کابینە و قوتابخانەی سێ دەوامی بەردەوامە.
 
لەبارەی دەوامی قوتابخانەکان، شەنگە عوسمان ئاماژەی بەوە کرد، کێشەی سێ دەوامی نەماوە، بەڵام هەموو قوتابخانەکانیان دوو دەوامین و گوتی، "کێشەی سێ دەوامی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی رۆژئاوا چارەسەرکراوە، ئەمەش لەڕێگەی زیادکردنی پۆل بۆ قوتابخانەکان، ئێستا کێشەی سێ دەوامی و چوار دەوامی نەماوە."  
 
لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی نەبوونی باڵەخانەی قوتابخانەکانەوە، شەنگە عوسمان ئاماژە بە پێویستیی زۆری ئەو سنوورە بە قوتابخانەی نوێ کرد و گوتی، "چونکە بەردەوام ژمارەی قوتابی زیاد دەکات و ئێستاش دەوامی قوتابخانەکان هەموویان دوو دەوامن، ئەگەر حەزمان لە رێکخستنەوەی دەوامی قوتابخانەکان بێت بەشێوەیەکی باش و هەموویان بکرێت بە یەک دەوام و کێشەی نەبوونی پۆل چارەسەر بکرێت، پێویستیمان بە ژمارەیەکی زۆر لە قوتابخانە هەیە دروست بکرێت". 
 
بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سێکتەری پەروەردە لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە دروستکردنی نزیکەی 3 هەزار بینای نوێ هەیە، لە کاتێکدا نزیکەی 7 هەزار قوتابخانە لە هەرێمی کوردستاندا هەن.
 
یەکێک لە کێشەکانی قوتابخانەکان قەبارەی پۆلی خوێندن و ژمارەی قوتابییە تێیدا، لێپرسراوی هۆبەی بیناسازی لە پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی گوتی، قەبارەی ئەو پۆلانەی لەسەر شێوازی کۆن دروستکراون، زیاتر پێنج بە شەش مەترن، بەڵام ئەوانەی ئێستا دروستدەکرێن بە ستانداردی نوێ دروستدەکرێن، هیچیان لە 5 بە 7 مەتر کەمتر نین. 
 
شەنگە عوسمان باسی لەوەش کرد، بەهۆی کێشەی داراییەوە ماوەی چەند ساڵێکە هیچ قوتابخانەیەکی نوێ دروستنەکراوە، ئەوانەی دروستکراون لە رێگەی کاری خێرخوازییەوە بوون، کە نزیکەی 10 قوتابخانە دەبن لەگەڵ هەندێ قوتابخانە کە لەنێو پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دروستکراون.
 
باسی لەوەش کرد، "30 قوتابخانەی سنورەکەمان پێویستییان بە دووبارە بوونیاتنانەوە هەیە، بەشێک لەو 30 قوتابخانەیە پێویستییان بە رووخاندنی بەشێکیان هەیە بۆ ئەوەی دووبارە بنیاتبنرێنەوە، هەندێکیش هەن تەنیا دیوارەکانیان پێویستییان بە رووخاندن و بوونیاتنانەوە هەیە، ئەوانەی کە مەترسییان بۆ سەر ژیانی قوتابی و مامۆستاکان هەیە چوڵکراون".