ئەنوەری حاجی عوسمان: بارزانی قەرزداری منە

رووداو - هەولێر

ئەنوەری حاجی عوسمان، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی روودای ئەمڕۆی تەلەفزیۆنی رووداو لەبارەی دۆخی پێشمەرگە لە میحوەری کەرکووک راگەیاند،" لە شەڕی موسڵ 70%ی چەکی عێراق کەوتە ژێردەستی داعش، ئەم چەکەو مەترسیەکانیشی رووبەڕووی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و خەڵکی کوردستان بوونەوە، بە شایەدی هەموو لایەک و هێزە هاوپەیمانەکانیش پێشمەرگە هێزێکی بە قابیلیەتە".
 
لەبارەی ژمارەی ئەو چەکانەی کە بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان رەوانەکراون، حاجی عوسمان رایگەیاند "ئەو چەکانەی بۆمان هاتوون، رەنگە ئەوە نەبن هێشتا لە ئاستی داخوازییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بێت، بەڵام سوپاسی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەم، کە هەم لەرووی چەکەوە، هەم لەڕووی پێداویستییەکانی دیکەوە تا ئاستێکی باش هاوكاری پێشمەرگەیان كردووە، كە دەتوانین باشتر بەرگری و پێشڕەوی بکەین"، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە "چەکەکان بە هەموو میحوەرەکان گەیشتوون".

لەبارەی گەڕانەوەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگەو ئەو دەنگۆیانەی کە دەکرێن لەبارەی ئەوەی سزادرابێت، ئەنوەری حاجی عوسمان دەڵێت "بە فەرمانی بارزانی گەڕاومەتەوە وەزارەتی پێشمەرگە و شانازی بەوە دەکەم کە کاک مسعود لێپێچینەوەم لەگەڵدا بکات"، دەشڵێت "ئەگەر سەرم لە هەور بێت و پاشای دنیا بم، من حەزدەکەم لە خزمەتی کاک مسعود و سیاسەت و پلان و بەرنامەی ئەودابم".

راشیگەیاند، "بەهیچ شێوەیەک دڵم نایەت خیلافی بڕیارەکانی ئەو بکەم، بەشێک لە گیانبازی و خۆڕاگری من کە 14 جار لە کەناری گۆڕ گەڕاومەتەوە، بەشێکی بەهۆی کاک مەسعودە کە ماندوو نابم لەناو سەنگەر"، دەشڵێت "ئەوە موجامەلە نییە، چونکە کاک مسعود قەرزداری منە، من قەرزداری کاک مسعود نیم تا بێم موجامەلەی بکەم".

سەبارەت بە بابەتی بازرگانیکردن لەگەڵ داعش، بریكارەکەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان دەڵێت، "گلەییم لە خەڵکی سیاسی ناو پارتی و یەکێتی هەیە، ئینجا لە میدیاکان لەسەر بابەتی بازرگانیکردن لەگەڵ داعش"، دشڵێت "بابەتەکە زۆر گەورەکراوەتەوە لەوەی کە باس دەکرێت، دواتر لە لێکۆڵینەوەکان دەردەکەوێت کە ئەمە نیوەی مزایەدەو موجامەلە بووە، کە گوایە شت گیراوە، نەخێر کەس نەیگرتووە، دوو هەڤاڵی تێکۆشەر کاک رۆیال ئامر فەوجەو جێگرەکەی کاک ئیدریسە، ئێستا هەردووکیان بریندارن، ئەوان دەستیان بەسەر 3 تەنکەردا گرتووە، بەڵام ئەوەشمان لەبیرنەچێت بە نامەی فەرمی بەرپرسانێک لەناو ئەو حکومەتە رۆژ هەبووە بە ئاشکرا گاز و نەوت هاتووە."

روونیشیكردەوە كە رۆژێک عەقید فاتح، فەرماندەی فەوجی یەک لە لیوای یەک پەیوەندی پێوەکردووە و ئاگاداری کردووەتەوە لەوەی کە 50 تا 60 تانکەر هاتوون لەودیو وەستاون لەسەر مەکتەب خالید، "پێمگوت کێیە؟ گوتی لەسەر فەرمانی بەڕێز جەنابی پارێزگارە، منیش گوتم مادام نامەی جەنابی پارێزگارە بابێن، ئەو کاتە سەرەتای شەڕ بوو لەگەڵ داعش، ئەویش هی داعش نەبوو، ئەو کاتە ئەو ناوچەیەی کە نەوتەکەی لێوە دەهات شاری بێ حاکم بوو".

دەشڵێت "بێجگە لەو سێ تانکەرەی کە لە میحوەری پێنجەوە هاتبوون و دەستیان بەسەرداگیرا، ئەگەر هەر شتێکی دیکە لەو میحوەرەوە هاتبێت، ئەوە کاک عەلی حەمەساڵح با کەس نەبات بۆ دادگا، بەڵکو من ببات".

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەش ناشارێتەوە کە "ماوەی دوو مانگ دەبێت بۆ ئەم باتە 7 ئەفسەر دراونەتە دادگا بۆ لێکۆڵینەوە"، دەشڵێت "من لەوێ نەبووم، بەڵام کاتێک گەڕامەوە یەکسەر نامەیەکم بۆ مستەفای سەید قادر، وەزیری پێشمەرگە رەوانەکرد  کە ئەم 7 ئەفسەرە بدەنە دادگا بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت".