عەممار حەکیم: ئەرکمان بۆ پێکهێنانى حکومەتێکى بەهێز دوو ئەوەندەیە

18-11-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە رایگەیاند، دوای هەڵبژاردن بەرپرسیارێتییەکەیان دوو هێندە زیاد دەکات بۆ گرنگی خێراکردن لە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و بەتوانا و گشتگیر بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عێراق. حەکیم داواى لە سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان کرد رۆڵ ببینن لە پێکهێنانی "حکومەتێکی بەهێز و هاوسەنگ."
 
سەرۆکی رەوتی حیکمە رایگەیاند: "پێویستیمان بە نزیکبوونەوەیەکی نوێیە بۆ ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، ئەزموونى ناوچەکە سەلماندوویەتی ئاسایش تەنیا بە هاوکێشە سەربازییەکان نایەتەدی، بەڵکو لە رێگەی هاوبەشیی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی هاوسەنگ بەدی دێت، دەبێت چارەسەری ریشەیی گرفتەکان بکرێت نەک سەرقاڵبوون بە ئەنجامەکانی و سەقامگیریی سیاسی بەبێ ئاشتی کۆمەڵایەتی و داننان بە تایبەتمەندی گەلان نایەتەدی".
 
ئەو گوتانەى عەمار حەکیم لە کۆڕبەندی مێپس لە زانکۆی ئەمریکیی- دهۆک  بوو، کە ئەمڕۆ سێشەممە 18ى تشرینى دووەمى 2025 دەستىپێکرد.
 
سەرۆکی رەوتی حیکمە گوتی: "ئاسایش پێکەوە بەستراوە، ئاسایشی وزە و خۆراک و گەشەی ئاو و هەوا، ئاو و کۆمەڵگە و سنوور و وەبەرهێنان هەموویان پێکەوە بەستراون و هەر کێشەیەک لە یەکێکیاندا، کاریگەری لەسەر ئەوانی دیکە دەبێت."
 
عەممار حەکیم، پێیوایە عێراق دەتوانێت وەکو رابردوو رۆڵ ببینێت و گوتی: "عێراق نموونەیەکی درەوشاوەیە سەرەڕای ئاڵنگارییەکان. سەرەڕای ئەوەی عێراق بە ململانێدا تێپەڕیوە، ئێستا توانای ئەوەی هەیە بگەڕێتەوە بۆ بینینی رۆڵی هەرێمی و نێودەوڵەتیی خۆی.
 
سەرۆکی رەوتی حیکمە لە گوتەکەیدا باسی هەرێمی کوردستانیشی کرد و گوتى: "سڵاو و رێزم بۆ گەلی کوردستان و خانەوادەی بارزانییەکان بۆ ئەو سیمبولە مێژووییەی، کە بۆ خزمەتکردنی ئەم گەلە هەیانە و رۆڵیان بۆ پاراستنی ئەمنی دیموکراسی لە عێراق و چەسپاندنی بنەماکانی پێکەوەژیان و هاوبەشیی نیشتمانی".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە