بە داتا؛ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێتەوە پارتی 43 کورسی و یەکێتی 21 کورسی بەدەستدەهێنن

 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی شیکارییەک، ئەگەر ئێستا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دووبارە بکرێتەوە، هەڵبژاردنەکە لە بەرژەوەندیی پارتییە و ژمارەی کورسییەکانی زیاد دەکات، بەڵام لە قازانجی یەکێتی نییە و ژمارەی کورسییەکانی کەم دەکات.
 
نزیکەی 14 مانگە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کراوە، تاوەکو ئێستا حکومەت پێکنەهێندراوە، بۆ دەرچوون لەو قەیرانە ئێستا لە هەموو کات زیاتر باس لە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن دەکرێت.
 
مەحموود محەممەد، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی ئەگەری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەگەر لەگەڵ یەکێتی رێکنەکەوتن، بە رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا لەسەر ئەو بابەتە قسە نەکراوە، ئومێد دەکەین نەگاتە ئەوە وایلێبێت."
 
پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە نیوە کۆ یەکی کورسییەکانی پەرلەمانە، واتە 51 کورسی، بەڵام هیچ کام لە لایەنەکان ئەو ژمارە کورسییەیان نییە.
 
بە پشتبەستن بە دوایین ئەنجامی هەڵبژاردن، کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە و رۆژی 11-11-2025 کرا و رۆژی 17-11-2025 ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە راگەیێندرا، ئەگەر هەڵبژاردنیش دووبارە بکرێتەوە و لایەنەکان هەمان ئەو دەنگانە بهێننەوە، هێشتا هیچ لایەنێک ناتوانێت بە تەنیا حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام کورسییەکانی پارتی زیاد دەکات و ژمارەی کورسییەکانی لە 39 کورسییەوە دەبێتە 43 کورسی، هەرچی یەکێتییە ژمارەی کورسییەکانی لە 23 کورسییەوە کەم دەبێتەوە بۆ 21 کورسی.
 
پارتی چۆن ژمارەی کورسییەکانی زیاد دەکات؟
 
لەم هەڵبژاردنەدا دەنگێکی زۆری پارتی بۆ بەربژێری کۆتاکان چوو، بەتایبەتی بۆ کۆتای کریستیان لە دهۆک و هەولێر، کە بە هەردوو بەربژێرەکە 41355 هەزار دەنگیان بردووە، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو بەربژێری کۆتای کریستیان و بەربژێرێکی کۆتای تورکمان، کە پارتی پشتگیریی دەکردن، بە هەرسێکیان 15954 دەنگیان بەدەستهێنابوو؛ بۆیە ئەگەر دەنگی ئەو بەربژێرانە بۆ پارتی بچێتەوە ئەوا کاریگەریی لەسەر زیادبوونی کورسییەکانی پارتی دەبێت، بۆ یەکێتییش لە دهۆک ئەو هاوکێشەیە راستە، کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لیستەکەی بەهۆی پشتگیریکردنی لە کۆتایەکی کریستیان لێهەڵوەشایەوە، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا لەو پارێزگایە 28557 دەنگ و کورسییەکی بەدەستهێنابوو.
 
پارتی بەبێ یەکێتی حکومەتی پێ پێکدەهێندرێت؟
 
پارتی کە زۆرترین کورسی پەرلەمانی هەیە، لەگەڵ سێ کورسیی کۆتاکان ژمارەی کورسییەکانی دەگاتە 42 کورسی، هێشتا پێویستی بە 9 کورسیی دیکە دەبێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەگەر پارتی لەگەڵ یەکێتی رێکنەکەوێت، لانیکەم پێویستی بە هاوپەیمانی لەگەڵ حیزبە بچووکەکان دەبێت، کە هەریەک لە یەکگرتوو و نەوەی نوێ هەر لە سەرەتاوە ئۆپۆزیسیۆنبوونیان راگەیاند، هەرچی کۆمەڵی ئیسلامییە هەر لە سەرەتاوە بایکۆتی پەرلەمانی کردووە، ئەوەی دەمێنێتەوە 4 کورسییەکەی هەڵوێست، یەک کورسییەکەی سۆسیالیست و دوو کورسییەکەی بەرەی گەل و کورسییەکەی گۆڕانە، کە هێشتا بەشی پێکهێنانی حکومەت ناکات.
 
پارتی پێویستی بە چەند دەنگی دیکەیە؟
 
پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا 852448 دەنگی بەدەستهێنا، ئەگەر هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، ئەو دەنگانەی پارتی بەشی 43 کورسی دەکەن، لەگەڵ سێ کورسیی کۆتای تورکمان و کریستیان ژمارەی کورسییەکانی دەبنە 46 کورسی، هێشتا پێویستی بە پێنج کورسیی دیکەیە. بەو ئەنجامەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پارتی لە هەولێر 19 کورسی بەدەست دەهێنێت، بەهای کورسی لە هەولێر 19,488 دەنگە، ئەگەر پارتی دوو کورسیی دیکە لە هەولێر زیاد بکات، دەبێت 39 هەزار دەنگی دیکە زیاتر لە دەنگەکانی پەرلەمانی عێراق تەنیا لە هەولێر بەدەستبهێنێت.
 
بە پشتبەستن بە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پارتی لە دهۆک 19 کورسی بەدەستدەهێنێت، لەوێش پێویستی بە زیادکردنی دوو کورسییە، کە بەهای کورسی بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی عێراق دەگاتە نزیکەی 22 هەزار دەنگ، واتە پێویستە زیاتر لە 43 هەزار دەنگی دیکە زیاد بکات.
 
ئەگەر کورسیی پێنجەمی پارتی لەسەر بازنەی سلێمانی هەژمار بکەین، دەبێت پارتی لەوێ دەنگەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات، لەوێ بەهای کورسی کە زیاتر لە 14 هەزارە، پارتی لانیکەم دەبێت 16 - 17 هەزار دەنگ زیاد بکات، چونکە یەکێک لە کورسییەکانی بە (باقی ئەقوا) بردووە.
 
ئەگەر حیزبەکانی دیکە هەمان دەنگی ئێستایان بهێننەوە و پارتی بیەوێ زۆرینە مسۆگەر بکات، پێویستی بە زیادکردنی نزیکەی 100 هەزار دەنگی دیکەیە و دەبێت ژمارەی دەنگەکانی لە هەر سێ بازنەکە بگەیێنێتە سەرووی 950 هەزار دەنگ.
  
پەرلەمان چۆن هەڵدەوەشێتەوە؟
 
بەپێی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی کوردستان ژمارە 1ی ساڵی 2005، لە چوار باردا پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە:
 
یەکەم: ئەگەر زیاتر لە نیوەی ئەندامانی پەرلەمان دەستلەکاربکێشنەوە.
 
دووەم: ئەگەر لە ماوەی 45 رۆژدا لە بانگهێشتکردنی ئەندامان بۆ کۆبوونەوە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، رێژەی یاسایی بۆ دانیشتن بەردەست نەبوو.
 
سێیەم: ئەگەر پەرلەمان متمانەی بە سێ کابینەی یەک لەدوای یەک نەدا.
 
چوارەم: ئەگەر سیستمی هەڵبژاردن گۆڕا و خولی پەرلەمان کەمتر لە 6 مانگی مابوو.
 
دادگەی فیدراڵی دەتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە؟
 
یەکێک لەو رێگایانەی کە باسی لێوە دەکرێت، پەنابردنە بەر دادگەی فیدراڵیی عێراقە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە، بەڵام ئەو رێگەیەش تاقیکراوەتەوە، پێشتر نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری پەنایان بۆ دادگەی فیدراڵی بردووە، بەڵام دادگە بە پاساوی ئەوەی کە ئەو کارە لە تایبەتمەندیی ئەواندا نییە، داواکەیانی رەتکردووەتەوە.
 
لێرەدا بە داتا روونی دەکەینەوە کە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی کێ دایە؟
 
بازنەی هەولێر
 
ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای هەولێر: 32 کورسی
دەنگی دروستی بازنەی هەولێر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا: 623620
نرخی کورسی لە هەولێر: 19,488.125
پارتی: 369724 دەنگ
کورسیی پارتی: 18.97175844
یەكێتی: 97,301 دەنگ
کورسیی یەکێتی: 4.998479843
هەڵوێست: 63298 دەنگ
کورسیی هەڵوێست: 3.248029249
نەوەی نوێ: 38921 دەنگ
کورسیی نەوەی نوێ: 1.99716494
یەکگرتوو: 28656 دەنگ
کورسیی یەکگرتوو: 1.470433918
کۆمەڵ: 13774 کورسی
کورسیی کۆمەڵ: 0.706789391
 
کورسیی لایەنەکان لە بازنەی هەولێر:
 
پارتی: 19 کورسی
یەکێتی: 5 کورسی
هەڵوێست: 3 کورسی
نەوەی نوێ: 2 کورسی
یەکگرتوو: 2 کورسی
کۆمەڵ: 1 کورسی
 
بازنەی سلێمانی و هەڵەبجە
 
ژمارەی کورسییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە: 39 کورسی
دەنگی دروستی بازنەی هەڵەبجە و سلێمانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا: 572414
نرخی کورسی: 14,677.28205128205
یەكێتی: 241143 دەنگ
کورسیی یەكێتی: 16.42967677
هەڵوێست: 75375
کورسیی هەڵوێست: 5.135487602
نەوەی نوێ: 69781
کورسیی نەوەی نوێ: 4.754354366
پارتی: 68834 
کورسیی پارتی: 4.689832883
یەکگرتوو: 65312 دەنگ
کورسیی یەکگرتوو: 4.449870199‬‬
کۆمەڵ: 34563 دەنگ
کورسیی کۆمەڵ: 2.354863787
بەرەی گەل: 10928 دەنگ
کورسیی بەرەی گەل: 0.74455202
سۆسیالیست: 4819
کورسیی سۆسیالیست: 0.328330544
 
بەرەی تورکمانی: 581 دەنگ
کورسیی بەرەی تورکمانی: 0.039584986
 
کورسیی لایەنەکان لە بازنەی سلێمانی و هەڵەبجە:
 
یەکێتی: 16 کورسی
هەڵوێست: 5 کورسی
پارتی: 5 کورسی
نەوەی نوێ: 5 کورسی
یەکگرتوو: 5 کورسی
کۆمەڵ: 2 کورسی
بەرەی گەل: 1 کورسی
 
بازنەی دهۆک:
 
ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای دهۆک: 32 کورسی
دەنگی دروستی پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا: 527077
 
نرخی کورسی: 21,961.54166666667
پارتی: 413890 دەنگ
کورسیی پارتی: 18.84612685
یەکگرتوو: 72986 دەنگ
کورسیی یەکگرتوو: 3.323355032
هەڵوێست:  18322 دەنگ
کورسیی هەڵویست: 0.834276586
نەوەی نوێ: 14674 دەنگ
کورسیی نەوەی نوێ: 0.668168029
 
کورسیی لایەنەکان لە بازنەی دهۆک:
 
پارتی: 19 کورسی
یەکگرتوو: 3 کورسی
هەڵوێست: 1 کورسی
نەوەی نوێ: 1 کورسی
 
کۆی گشتیی کورسیی لایەنەکان بە پشتبەستن بە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق:
 
پارتی: 43 کورسی
یەکێتی: 21 کورسی
یەکگرتوو: 10 کورسی
هەڵوێست: 9 کورسی
نەوەی نوێ: 8 کورسی
کۆمەڵ: 3 کورسی
بەرەی گەل: 1 کورسی
 
کورسیی لایەنەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 2024:
 
پارتی: 39 کورسی
یەکێتی: 23 کورسی
نەوەی نوێ: 15 کورسی
یەکگرتوو: 7 کورسی
هەڵوێست: 4 کورسی
کۆمەڵ: 3 کورسی
بەرەی گەل: 2 کورسی
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 1 کورسی
گۆڕان: 1 کورسی
 
جیاوازیی کورسیی لایەنەکان لە هەڵبژاردنی 2024ی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجامی هەڵبژاردنی 2025:
 
پارتی: + 4 کورسی
یەکێتی: - 2 کورسی
نەوەی نوێ: -7 کورسی
یەکگرتوو: + 3 کورسی
هەڵوێست: + 5 کورسی
بەرەی گەل: - 1 کورسی
کۆمەڵ: 0 کورسی