کەرکووک لە رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەراندا لەسەر ئاستی عێراق یەکەمە

رووداو دیجیتاڵ 

رێژەی بەشداریکردن لە کەرکووک لەنێو ئەو 15 پارێزگایەی ئەمڕۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیانی تێدا بەڕێوەچوو، بەرزترینە. 
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکە لە پارێزگای کەرکووک نزیکەی 64٪ـە، بەوەش دەبێتە یەکەمین پارێزگای سەر ئاستی عێراق لە رێژەی بەرزی دەنگدان. دوای ئەویش پارێزگای سەلاحەدین دێت کە رێژەی بەشداریکردن تێیدا 59٪ بووە؛ پاشان پارێزگای ئەنبار دێت کە رێژەی بەشداریکردن تێیدا 57٪ بووە.
 
بە گوتەی سوفیان مەشهەدانی، گوتەبێژی لقی نەینەوای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش، رێژەی بەشداریکردن لەو پارێزگایە 52٪ بووە.
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە رێژەی بەشداریکردنەوە هەیە لە هەموو عێراق ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، رێژەکە نزیکە لە 40٪.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەپێی پارێزگاکان بەمشێوەیەیە:
 
- بەسرە 33.5٪
- دیالە 40.2٪
- سەڵاحەدین 59٪ 
- بەغدا/رەسافە  19٪
- بەغدا/کەرخ 32٪
- واست 38.5٪
- نەجەف 32٪ 
- کەربەلا 38.5٪
- موسەننا 45٪
- ئەنبار 57٪
- کەرکووک 64٪
- نەینەوا 52٪
- میسان 27٪
- دیوانییە 38٪
- زیقار 30٪
- بابل 38٪
 
کاژێر 6:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بنکەکانی دەنگدان لە 15 پارێزگای عێراق بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان داخران. رۆژی شەممە، 16ـی کانوونى یەکەمیش دەنگدانى تایبەت کرا کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەبوو.