362 یاساناس و پارێزەر: هێرشێکی ناڕەوا دەکرێتە سەر سیستمی دادوەری


رووداو دیجیتاڵ

362 پارێزەر و یاساناسی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکەن، "هێرشێکی ناڕەوا" دەکرێتە سەر سیستەمی دادوەری، دادگە و دادوەرانی داواکاری گشتیی. بە گوتەی ئەوان، ئەو کەسانەی هێرش دەکەن، "مەبەستی تایبەتی خۆیان هەیە و.. دەیانەوێ گومان لەسەر هەموو دەزگا فەرمییەکان دروست بکەن".
 
ناوی پارێزەر، یاساناس و مافپەروەران لە لیستەکەدا بە بژار ئەکرەم حوسێن دەستپێدەکات و بە داستان عەلی قادر کۆتایی دێت. لە راگەیێندراوەکەیاندا باس لەوە دەکەن، "ئەم هەموو پەلاماردان و قسەکردنە لەسەر بڕیارەکانی دادگە، خۆی دەستوەردانە لە یاسا، لە کاتێکدا بانگەشەی ئەوە دەکەن پێویستە دادگە بێلایەن بێت و دوور بێت لە دەست تێوەردان".
 
ئەو 362 پارێزەر و یاساناسە باس لەوە دەکەن، بەپێی یاسا لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی دادوەری دەسەڵاتێکی سەربەخۆیە و "ئەگەر تێبینیش لەسەر بڕیاری دادگەیەک هەبێت، پێویستە لە رێگەی تانەدان و رێکاری یاسایی بێت، نەک لە رێگەی پەلاماردانی دادگەکان لە راگەیاندنەکانەوە".
 
پەیامەکەی ئەو پارێزەر و یاساناسانە بەبۆنەی کەیسی سزادراوانی بادینانەوەیە کە رۆژی سێشەممە لە دادگەی هەولێر هەر یەکە لە: شێروان شێروانی، مەلا شڤان سەعید بەڕۆژکی، ئەیاس کەرەم پەرچی، هاریوان عیسا و گوهدار محەممەدئەمین بە شەش ساڵ زیندانی سزادران.
 
یاساناسەکان دەڵێن، ‎ئەگەر دادگە نەتوانێت بە بێ فشار بڕیار بدات و بەردەوام بکەوێتە بەر "شاڵاوی پەلاماردان"، سەروەریی یاسا ناچەسپێت و "هیچ کەس ترسی لە دادگە نامێنێت و لە جێگەی یاسا بەرەڵڵایی باڵ بەسەر هەرێمی کوردستاندا دەکێشێت".
 
مەبەستی ئەو ژمارەیە لە یاساناس و پارێزەران بە گوتەی خۆیان، "پشتگیریکردنی سزادانی ئەو کەسانە نییە لەلایەن دادگەوە، لە هەمانکاتدا دژایەتیکردنیشی نییە، چونکە ئەوە تەنیا دادگەیە ئەو بڕیارە دەدات، ئەم بڕیارەش وەکو هەموو بڕیارێکی دیکە شیاوی پێداچوونەوەیە". 
 
شەوی پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەوە دوا بڕیار نییە، بەپێی یاساش مافى سزادراوانه‌ تانە لە بڕیاره‌كە بده‌ن. 
 
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەشکردبوو، "داوا لە هه‌موو لایەك دەکەم لەگەڵ ماف و ئازاديیان لە رەخنەگرتن و له‌‌ دروستکردنی فشاری مەدەنیانە بەرانبەر هەر بڕیارێک، كارێكى وا نه‌كه‌ن بێمتمانەیی بە دادگە و یاسا و هەرچی دامودەزگەیە دروست بکرێت، چونکە بێمتمانەیی بە سه‌روه‌ريى یاسا وا ده‌كات ئیدی کەس لە سەر و ژیان و کەرامەت و ماڵ و سامان و داهاتووی خۆى دڵنيا نه‌بێت. با رەخنە و کارەکانمان بۆ باشترکردن و سەروەرکردنی یاسا بێت، بۆ رووخاندنی متمانەی خەڵک نەبێت بە یاسا و دادگە و دامەزراوە فەرمییەکان".
 
پارێزەر و یاساناسەکان پێیانوایە، دەستوەردان لە دادگەکان لە رێگەی راگەیاندن و هەر رێگەیەکی دیکەوە، "مەترسیی گەورە" دروستدەکات بۆ لاوازکردنی پێگەی سەربەخۆی دادگەکان.
 
شەوی هەینی 19-2-2021ـیش مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا  رایگەیاند، "داوا لە هەموو لایەک دەکەم رێز لە سیستەمی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان بگرن بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بێ دەستوەردان کارەکانی ئەنجام بدات".