بافڵ تاڵەبانی: لە سێ رۆژی داهاتوودا کێشەی دارایی خوێندکارانی زانکۆ چارەسەر دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی لەبارەی کێشەی دارایی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان بڵاوکردەوە و بەڵێن بە خوێندکاران دەدات کە کە لە ماوەی سێ رۆژی داھاتوودا ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت و دەبێت بەبێ ھیچ ئاستەنگێک پاڵپشتی خوێندکاران خەرج بکرێت.
 
نووسینگەی رۆژنامەڤانیی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیێنراوێکی لەبارەی دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "بافڵ جەلال تاڵەبانی لەسەر ئەم پرسە و دووبارە ناڕەزایی خوێندکاران، لە پەیوەندی بەردەوامدایە و ھەموو ھەوڵێکی خستۆتەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی،  بەڵێن بە خوێندکارانی ئازیز دەدات کە لە ماوەی سێ رۆژی داھاتوودا ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت و دەبێت بەبێ ھیچ ئاستەنگێک پاڵپشتی خوێندکاران خەرج بکرێت لەپێناو وەرگرتنی مافی خوێندكاران و رانەگرتنی خوێندن لە زانكۆكاندا."
 
نووسینگەی رۆژنامەوانی بافڵ تاڵەبانی ئاماژە بەوە دەدات کە "لە سەرەتای دروستبوونی ناڕەزایەتییەكانی خوێندكارانەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی ھەر زوو ھات بەدەنگ داواکاری رەوای خوێندکاران و بەڵێنی چارەسەركردنی كێشە و كەموكورتییەكانی بەشەناوخۆییەكان و زانكۆكانیدا، لە پێشوودا ئەو بەڵێنانە بوون بە كردار و هەمووان بە چاوی خۆیان بێ جیاوازی كردارەكانیان بینی."
 
لە کۆتایی راگەیێنراوەکەدا هاتووە "‏‎ئەگەر تاوەكو ئەم چەند رۆژە ئەم گرفتە چارەسەر نەكرا بافڵ جەلال تاڵەبانی خۆی پشتیوانی لە خوێندكاران دەكات بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەكانیان بە شێوەیەكی مەدەنی."
 
بە پێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کە رۆژی 3ی ئەم مانگە بڵاوکراوەتەوە. بڕیاریدا مانگانە 40 هەزار دینار بداتە ئەو قوتابیانەی ناوەوەی شار کە لە زانکۆلاین وەرگیروان و 60 هەزار دیناریش بداتە ئەو قوتابیانەی کە لە دەرەوەی شار لە زانکۆ لاین وەرگیراون.
 
دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی
 
1- خەرجکردنی مانگانە 40 هەزار دینار وەک پاڵپشتی بۆ قوتابیان و خوێندکارانی ناوەوەی شار، ئەوانەی لە زانکۆلاین وەرگیراون.
 
2- خەرجکردنی مانگانە 60 هەزار دینار وەک پاڵپشتی بۆ قوتابیان و خوێندکارانی دەرەوەی شار، ئەوانەی لە زانکۆ لاین وەرگیراون.
 
3- بڕی گوژمەی ماوە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی بەشەناوخۆییەکان دەبێت بە مەرجێک لە ریگەی سیستەمی نوێی ئۆنلاین (سیستەمی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان KFMS پێشکێش بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری/ بەڕێوەبەرایەتی خەرجییەکان بکرێت.
 
4- خەرجکردنی بڕەکانی ئاماژەپێکراوی سەرەوە لەسەر بودجەی ئاسایی زانکۆ و پەیمانگەکان دەبێت لە (التبرعات و الاعلانات)
 
5- ئەم پاڵپشتییە لە رێکەوتی 1-1-2022 بۆ ساڵی خوێندنی 2021-2022 خەرج دەکرێت.