لە سەقز هاونیشتمانییەکی کورد لەلایەن پۆلیسەوە کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئێران لە شاری سەقز تەقەیان لە هاونیشتمانییەکی کورد کردووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. پۆلیس دەڵێت بە "هەڵە" تەقەیان لەو هاونیشتمانییە کردووە.
بەپێی زانیارییەکان، ئێوارەی رۆژی، 18-02-2023، لە شاری سەقز پۆلیس تەقەی لە هاونیشتمانییەک بە ناوی موختار فەتحی کردووە و گولـلە لە سەری دراوە و گیانی لەدەستداوە.
بەپێی زانیارییەکان، موختار فەتحی لەگەڵ دوو هاوڕێی دیکەی لە نێو ئۆتۆمبیلێکدا بوون و پۆلیس لە مەودای نزیکەوە بە شێوەی ئامانجدار تەقەی لەو کەسەیان کردووە، هێزەکانی پۆلیس ئەو شوێنەیان جێهێشتووە و خەڵکیش موختار فەتحییان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام لە رێگە گیانی لەدەستداوە.
سەرچاوەیەکی خۆجێی باس لەوە دەکات، ئەو کوڕە لە شەوانی رابردوودا دروشمی دژی حکومەتی ئێران نوسیووە. موختار فەتحی تەمەنی 35 ساڵە، خێزاندار بووە و هاوژینەکەی دووگیانە.
چەند رۆژ لەمەوبەریش مامۆستایەکی ئایینی لە شاری سەقز بە ناوی سەلاحەددین ساڵحی، تەقەی لێکرا و کوژرا. مەهدی رەمەزانی، جێگری پارێزگاری سنە رایگەیاند، کەسانێکی نەناسراو تەقەیان لەو مامۆستایە کردووە و لە هەوڵدان بکوژەکەی دەستگیر بکەن.
سەلاحەدین کوڕی مەلا هادی ساڵحییە، کە بە کەسایەتییەکی ئایینیی تووندڕەو دەناسرێت و پێشتر لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێران گیرابوو. بەگوتەی سەرچاوە خۆجێییەکان، بکوژەکان مەبەستیان بووە باوکی بکوژن، بەڵام نیوەشەوی پێنجەشەممەی هەفتەی رابردوو لە بەر دەرگەی ماڵی خۆیان تەقەیان لە کوڕەکەی کردووە و کوشتوویانە.
بەگوتەی سەرچاوەیەک، بەپێی ئەوەی کە مەلا هادی دژی دەسەڵات قسەی کردووە و لەسەر ئەمەش چەند جارێک گیراوە، لە کوژرانی سەلاحەدیندا خەڵک لە حکومەت بە گومانن.