لە کرماشان دەست بەسەر زیاتر لە یەک تۆن گۆشتی ماوەبەسەرچوودا گیرا
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەست بەسەر زیاتر لە یەک تۆن گۆشتی ماوەبەسەرچوودا گیرا. بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەریی کرماشان دەڵێت، سەردان و پشکنینی دووکان، کۆگا و سەربڕخانەکان بەردەوام دەبێت.
تورەج کەرەمیان، بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەریی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، لە 24 کاژێری رابردوودا و بەمەبەستی چاودێریکردن و پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان، چوونەتە بەشێکی زۆری دووکان، سەربڕخانە و کۆگەکانی گۆشتی شاری کرماشان.
تورەج کەرەمیان گوتی، لە سەردان و پشکنینەکاندا دەست بەسەر زیاتر لە هەزار و 100 کیلۆگرام گۆشتی ماوەبەسەرچوودا گیراوە.
وەک بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەریی پارێزگاکە گوتی، گۆشتە ماوەبەسەرچووەکە بە هاوئاهەنگی دەسەڵاتی دادی کرماشان بە شێوەی تەندروست لەنێوبراوە.
بەگوتەی تورەج کەرەمیان، لە 12-02-2024 تاوەکو 19-02-2024، زیاتر لە 850 کیلۆگرام گۆشتی ماوەبەسەرچوو لە کرماشان دەستی بەسەرداگیراوە و ئاماژەی بەوەش کرد، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ سێ کەسی پەیوەندیدار بەو بابەتەوە کردووەتەوە.
ئەنجوومەنی ئاژەڵدارانی پارێزگای کرماشان دەڵێت، نزیکەی شەش ملیۆن سەرئاژەڵ لە پارێزگەکەدا هەن، هەربۆیە ساڵانە لەوێوە بڕێکی زۆر گۆشتی سوور بۆ پاریزگەکانی دیکەش هەناردە دەکرێت.