لە جۆلەمێرگ بەهۆی نالەباریی کەشوهەواوە لە قوتابخانەکان کرایە پشوو
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای جۆلەمێرگ بەهۆی بارینی بەفر و نالەباریی کەشوهەواوە، یەک رۆژ پشووی خوێندن راگەیێندرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێک، کە لەلایەن پارێزگای جۆلەمێرگ بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ (سێشەممە 19ـی ئاداری 2024) بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا و بارینی بەفر، لە سەرجەم قوتابخانەکانی شاری جۆلەمێرگ و شارۆچکەکانی سەر بەو پارێزگایە کراوەتە پشوو.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، "بە لەبەرچاوگرتنی مەترسیی لافاو و بەفربارین، پرۆسەی خوێندن لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن ماوەی یەک رۆژ راگیراوە."
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، کارمەندانی دووگیان و خاوەن پێداویستیی تایبەت کە لە دامودەزگا حکومییەکاندا کاردەکەن، ناچنە سەرکار و ئەو رۆژەیان بە مۆڵەتی کارگێڕی بۆ هەژمار دەکرێت.