هاونیشتمانییەکی دیکە لە دهۆک گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ 

هاونیشتمانییەکی دیکە لە دهۆک گیانی لەدەستدا و بەو جۆرەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی بارانبارین و لافاو و کاریگەرییەکانیان گیانیان لەدەستدا بووە سێ کەس. 
 
هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو لە دهۆک ئەمشەو رایگەیاند، هاونیشتمانییەک کەوتوەتە نێو ئاوەوە و کارەبا گرتویەتی و گیانی لەدەستداوە. 
 
هاونیشتمانییەکە ناوی عەبدوڵڵا بیلال بووە، تەمەنی 12 ساڵ بووە و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی داد کراوە. 
 
تابان فازڵ، گوتەبێژی تەندروستیی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ حەوت کەس کە بەهۆی لافاوەوە تەندروستییان تێکچووبوو و بریندارببوون، گەیێندرابوونە نەخۆشخانەکانی دهۆک و هەموویان رەوشی تەندروستییان باشە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە. 

گوتەبێژی تەندروستیی دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی شۆرتی کارەباوە گەنجێکی 15 ساڵان گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی لە پزیشکی دادە. 

گیانلەدەستدانی ئەو هاونیشتمانییە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە هەر لە دهۆک بەهۆی کاریگەری باران و لافاوەکەوە 2 هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا. 
 
شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە و بڕێکی یەکجار زۆریش باران لە دهۆک باریوە. 
 
بە گوێرەی بەرێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی پارێزگای دهۆک، لە کاژێر 9ی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە تاوەکو 9ی شەو، لە شاری دهۆک 133 ملم، لە زاخۆ 49.9 ملم، لە ئاکرێ 31.2 ملم، لە بامەڕنێ 98.2 ملم، لە باتیفا 85.8 ملم، لە ئامێدی 59.8 ملم و لە مانگێش 87 ملم باران باریوە.