وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان 50 هەلی کاری راگەیاند
رووداو - هەولێر
وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێریی هەرێمی کوردستان 50 هەلی کاری وەکو قۆناخی یەکەم راگەیاند و بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتیش دەڵێت، 400 دەرچووی كۆلێژ، پەیمانگە و ئامادەیی كشتوكاڵی دەخرێتە سەركار.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی کشتوکاڵ، "كۆگاكانی گردەبۆر لە پارێزگای سلێمانی موڵكی وەزارەتن و بە كرێ دراونەتە كەرتی تایبەت. بەپێی ئەو گرێبەستەی لەنێوان وەزارەت و كۆمپانیای ئێرلی فیوچەردا هەیە، بەرهەمی جووتیارانمان لە كۆگاكان هەڵدەگرین و پێویستیشە دەرچووانی كشتوكاڵی و ڤێتێرنەری بخەنە سەركار. لە ماوەی هەشت مانگدا 400 دەرچووی كۆلێژ، پەیمانگە و ئامادەیی كشتوكاڵی دەخرێنە سەر كار".
لە راگەیێنداروەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، قۆناخی یەكەم بە رەخساندنی 50 هەلی كار بۆ دەرچووانی كۆلێژی كشتوكاڵی رادەگەیێنن بۆ ئەوەی لە كۆگاكانی گردەبۆر بخرێنە سەركار. داوا لە دەرچووانی كۆلێژی كشتوكاڵی بە هەموو بەشەكان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەكەن سیڤیی خۆیان بۆ ئەو ئیمەیڵە بنێرن، بۆ هەر پرسیارێك پەیوەندی بەو ژمارە مۆبایلانەوە بکەن کە ئاماژەیان پێدراوە.
ئاوارە حەمید، بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە چوارچێوەی دۆزینەوەی هەلی کاردا لەگەڵ دەستبەکاربوونی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو هەر کۆمپانیایەکی کشتوکاڵ و ڤێرتەرنەری کە پرۆژەیەکی کشتوکاڵی دەکات، دەبێت هەلی کار بۆ دەرچووانی کشتوکاڵی و ڤێرتەرنەری بڕەخسێنێت".
هەروەها ئاوارە حەمید باسی لەوە کرد، "پرۆژەیاسای تایبەتمان لە ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستان تەواو بووە و لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لۆبیی تەواوی بۆ دروستکراوە تاوەکو بەپێی رەشنووسی یاساکە دەرچووانی ڤێرتەرنەری بخرێنە سەرکار".
بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ روونیشی کردەوە، "لە رێگەی ئەم راگەیێندراوەوە دڵنیایی دەدەینە دەرچووانی كۆلێژەكانی كشتوكاڵی و ڤێتێرنەری كە هەوڵی بەردەوام دەدەین بۆ رەخساندنی هەلی كار لە پرۆژەكانی كشتوكاڵی و ڤێتێرنەری. لە چوار چێوەی هەمواری یاساكانیش هەوڵی زۆر باش دراوە، بۆیە لە داهاتوودا لە پارێزگاكانی تریش لە هەلی كاری دیکە ئاگادارتان دەكەینەوە".
رێگەكانی پەیوەندی:
ئیمەیل awarahamed@gmail.com
ژمارە مۆبایلەكان:
07704472383
07501182383