چیرۆکی ئەو پێشمەرگەیەی لە سیدەکان بەر هێرشی فڕۆکە کەوت؛ باوکی 4 منداڵە
رووداو دیجیتاڵ
خێزان و کەسوکاری سەروەر بەکوڵ دەگرین، کە بە بۆردوومانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا، کوڕەکەیان لە رۆژی پێنجشەممە، لە قەزای سیدەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گیانی لەدەستدا.
ئەو بۆردوومانە نەیهێشت، پێ بنێتە ساڵی 46ـەمی تەمەنییەوە.
سەروەر قادر، باوکی 4 منداڵ و پێشمەرگە بوو لە فەرماندەیی هەڵگورد. ئێوارەی رۆژی 18-4-2024، لە دووری پێنج کیلۆمەتر لە گوندەکەی خۆیانەوە، بەر بۆردوومانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا دەکەوێت و کەسوکاری پاش 12 کاژێر بە گیانلەدەستدانی دەزانن.
رۆستەم تاهیر، کەسوکاری سەروەر بە رووداوی گوت، "دوێنێ ئێوارە هاتە لای ئێمە بەنیازی سەفەرێک بووین، لە گەڕانەوە تەیارە لێی دابوو، ئێمەش وامانزانی فڕۆکە لە ماتۆڕێکی داوە، سەیارەکە بە بەردێکەوە گیر ببوو، بەیانی ئەمڕۆ [پێنجشەممە] کاژێر 05:00 بۆ 06:00 چووین و تەرمەکەمان هێنایەوە".
لە رێوڕەسمی ناشتنیدا خەڵکی زۆر ئامادەن، لەگەڵ خەمی لەدەستدانی کوڕەکەیاندا، نائارامی سنوورەکە بە گشتی گلەییەکە و هاونیشتمانیانی ئەو سنوورە چەندین ساڵە دەیڵێنەوە.
جومعە ئەحمەد، هاونیشتمانییەکی ئەو ناوچەیە، بە رووداوی گوت، "با جێگایەکی دیکەمان پێ بدرێت و لێرە رامانگوێزن، یان ئەو تەیارە و تۆپ و سووتان و کوشتنە هەتا کەی؟ خوا قبوڵی ناکات".
جەمال دەروێش، هاونیشتمانییەکی دیکەیە و ئاماژەی بەوە کرد، "ناتوانین بچینەوە نیشتمانی خۆمان، ئەوە وڵاتی ئێمەیە گوند و خاکی خۆمانە و ناوێرین بچینەوە بۆی".
چەند رۆژێکە شەڕ و رووبەڕووبونەوەی سەخت لەنێوان پەکەکە و سوپای تورکیا لە سنوورەکە هەیە، حکومەت بەردەوام هۆشداری نائارامی سنوورەکە بە بیری هاونیشتمانیان دێنێتەوە.
ئیحسان چەلەبی، قایمقامی سیدەکان بە رووداوی راگەیاند، "ئەو شوێنانەی کە زۆر مەترسیدارن، ئەو شوێنانەن کە نزیکن لە قەرەقۆڵەکانی تورکیا، بەتایبەتی هەندێک شوێن هەن وەکو رێگەی رۆبی و رواڵ، هەروەها سەری زراران و کۆمەڵێک شوێنی دیکە کە بەداخەوە لەلایەن پەکەکەوە تی ئێن تی رێژ کراوە، کە ساڵانە هاونیشتمانی ئێمە دەبێتە قوربانی بۆیە داواکاری ئێمە هەر ئەوە بووە کە هاوڵاتی خۆیان بەدوور بگرن لەو شوێنانە و گیانی خۆیان پێ لەپێشتر بێت لە گژوگیا و لەوەڕاندنی مەڕوماڵات لەو شوێنانە".
لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو بەهۆی نائارامی و بەردەوامی شەڕ لەنێوان تورکیا و پەکەکە، لە کۆی 266 گوندی ئەو سنوورە، 118 گوندیان چۆڵکراون، لە حەوت ساڵی رابردووشەوە تائێستا 33 هاونیشتمانی ئەو سنوورە بە بۆردوومان و تۆپبارانی تورکیا و ئێران بوونەتە قوربانی.