وەزیری تەندروستی: بودجەی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لە 6 ملیارەوە زیاد دەکرێت بۆ 7 ملیار
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ کێشەی کەمیی دەرمان لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی سەردانی بەشی بەڕێوەبەرایەتیی کۆگەی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانی سلێمانیی کرد و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بودجەی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لە 6 ملیارەوە بۆ 7 ملیار دینار زیاد دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە یاوەری بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی کۆگەی دەرمان و پێداویستیی پزیشکیی سلێمانی کرد.
هەر لەنێو کۆگەکانی دەرمان لە سلێمانی، سامان بەرزنجی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "تیمی وەزارەتمان لەگەڵ بەڕێز بەڕێوەبەری کۆگە و تیمی یاوەری لە کۆبوونەوەیەکدا بە تێر و تەسەلی لەسەر کێشەی دەرمان، کەمبوونەوەی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان و لەسەر ئەو قەیرانانەی لە ماوەی رابردوودا هەبووە قسەمان کرد، وێڕای ئەوەی کە ئێمە لە ماوەی رابردووش رۆژانە بەسوپاسەوە لەگەڵ هەموو بەڕێزان لەسەر هێڵ بووین، چونکە دەرمان گرنگترین بەشی خزمەتگوزاریی پزیشکییە لەناو دامودەزگا تەندروستییەکان. دەرمان بەشی گرنگی چارەسەرییەکانە لە دوای دەستنیشانکردن".
بە گوتەی سامان بەرزنجی ئەوان وەکو وەزارەتی تەندروستی لە بابەتی دەرماندا کێشەیان بریتی بووە لە دابینکردنی دەرمان بۆ ئەو بۆشاییەی کە لە دابینکردنی دەرمان لە بەغداوە بۆیان دروست دەبێت.
وەزیری تەندروستی گوتی: "دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بەشێوەکی گشتی هەر هەمووی پێویستە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی عێراقی فیدراڵەوە، لەلایەن کۆمپانیایەکی حکومی کە پێیدەگوترێت کیمادیا، لە بودجەی حاکیمە دابین بکرێت. بەڵام دیارە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق لە هەرێمی کوردستانیش کێشەی دەرمان هەیە و بەشێوەی 100٪ دابین ناکرێت".
دکتۆر سامان بەرزنجی گوتیشی: "ئەو بۆشاییەی کە هەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پاڵپشتییەکی دارایی بە دابینکردن و تەرخانکردنی بودجەیەکی دیاریکراو کە ساڵانە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دیاریدەکرێت، هەوڵیداوە تا راددەیەک پڕی بکاتەوە. تائێستا مانگانە تەنیا 6 ملیار دینار بۆ دەرمان و پێداویستیی پزیشکی تەرخانکراوە، بەڵام بۆ هەندێک پێداویستیی دیکەی زۆر گرنگ هەیە کە پسپۆری وردە، پەیوەندی بە ژیانی مرۆڤ هەیە لە ماوەی چەند خولەک و کاژێری یەکەم دەبێت دەستوەردان بکرێت، بۆ نموونە سەنتەری دڵ، بودجەیەکی تایبەتیش هەیە بۆ هەموو سەنتەرەکانی دڵ لە کوردستان".
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشدا، "دەسەڵاتی دابینکردنی دەرمان بەتەواوەتی 100٪ دراوەتە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی، بە شێوازی تەندەرینگ کە سێ بەشی لەو بودجەیە دەبێت کە بۆیان دیاریکراوە، 25٪یشی دەتوانن بە کڕینی راستەوخۆ لە رێگەی لیژنەکانی کڕینەوە دابین بکەن بۆ دەرمانە هەرە پێویستەکانی رۆژانە".
بە گوتەی سامان بەرزنجی تاوەکو ئێستا ئەو پڕۆسەیە بەردەوامە، "بەڵام بەهۆی دۆخی دارایی و قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا کە کاریگەری لەسەر هەموو بوارەکانی دیکەی خزمەتگوزاری هەبووە. بۆ نموونە دابینکردنی نەختینە و پارەی کاش بۆ کۆمپانیاکان بە رێژەیەکی دیاریکراو بۆ هەفتانە لە قۆناخێک بۆ قۆناخێکی دیکە جیاوازی هەبووە لەنێوان 2-5٪، بەڵام هەندێکجار بانکەکان خاوەنی نەختینەیەکی باشتر بوونە رەنگە لە شوێنێک لە شوێنەکان 100٪ پارەکانیان دابێت، بەڵام لەم چەند مانگەی رابردوو بەهۆی نەبوونی نەختینە و پارەی کاش شایستەی کۆمپانیان دواکەوتووە یان کەمبووە".
سامان بەرزنجی دەڵێت: "ئێستا پرۆسەکانی تەندەرینگ دەستیپێکردووە، لە هەندێک بابەتدا چووە قۆناخی دابینکردن و واژۆکردنی گرێبەستەکان. وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران میکانیزمی چارەسەرمان داناوە، جیا لەوە بودجەی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لە 6 ملیارەوە زیاد دەکرێت بۆ 7 ملیار. جۆرێکی دیکە لە دابەشکردن و پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان دەدرێت بۆ ئەوەی بتوانین پرۆسەکە خێراتر بکەین. بەڵێنی ئەوەشمان وەرگرتووە نەختینەکان تا رێژەیەکی زۆرباش لە بانکەکان بەردەست بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی".