شارەوانیی پیرمام: نزیکەی هەزار داواکاریی زەویی سندووقیمان بۆهاتووە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی شارەوانیی پیرمام دەڵێت، زیاتر لە 100 پڕۆژەی خزمەتگوزارییان بە بەهای زیاتر لە شەش ملیار و 500 ملیۆن دینار لە سنوورەکە جێبەجێکردووە. دەشڵێت، 954 هاونیشتمانی داوای مۆڵەتی دروستکردنی خانوویان کردووە لەسەر زەویی سندووقی. 

گزنگ حاکم سدیق، سەرۆکی شارەوانیی قەزای پیرمام لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کە محەممەد رەحیم پێشکێشی کرد، باسی لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنوورەکەیاند کرد و گوتی، لە چوار ساڵی رابردوودا توانیویانە 107 پڕۆژەی جۆراوجۆر جێبەجێ بکەن، لەوانە رێگەسازی و دروستکردنی تۆڕی ئاوەڕۆ و قیرتاوکردنی گەڕەکەکان.
 
بەگوتەی سەرۆکی شارەوانیی پیرمام، ئەو پڕۆژانەی جێبەجێکراون، بە گوژمەی نزیکەی شەش ملیار و 570 ملیۆن دینار بوون و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیش لەسەر بنەمای پێداویستیی گەڕەکەکان بووە.
 
نزیکەی 43 گەڕەک دەکەونە سنووری شارەوانیی پیرمام. گزنگ حاک سدیق دەڵێت، زۆرینەی گەڕەکەکان خزمەتگوزارییان بۆ کراوە و بەشێکی کەمی ماوە. ئەوانیش بەگوێرەی بودجەی تەرخانکراو بۆیان، خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ دەکرێت.
 
لەبارەی رێگەپێدان بە دروستکردنی خانوو لەسەر زەویی سندووقی، سەرۆکی شارەوانیی پیرمام گوتی، لەدوای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ رێگەپێدان، نزیکەی 954 داواکاریی هاونیشتمانییان وەرگیراوە بۆ دروستکردنی خانوو لەسەر زەویی سندووقی، تائێستا بە چەند بەشێک نزیکەی 100 داواکاری رەزامەندییان گەڕاوەتەوە و ئەوانەی ماون کاریان لەسەر دەکرێت.
 
لە دوای ساڵی 2014 و بەهۆی قەیرانی داراییەوە، بەشێکی زۆری پڕۆژەکانی حکومەت گرفتی داراییان بۆ دروستبوو. گزنگ حاکم سدیق دەڵێت، بەهۆی قەیرانی داراییەوە دوو پڕۆژەمان راگیراون، پڕۆژەی دروستکردنی پارکێکی گشتی لەناو بازاڕ کە گوژمەکەی نزیکەی دوو ملیۆن دۆلارە، هەروەها بەشێکی گەڕەکی راپەڕین کە خزمەتگوزارییە بە گوژمەی نزیکەی 500 ملیۆن دینار، لە رێگەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران و پارێزگاری هەولێرەوە لە هەوڵداین بۆ تەرخانکردنی بووجە بۆ وەرگەڕخستنەوەیان.