هەڵمەتێکی "نادیار" بۆ کوشتنی سەگە بێلانەکان لە دهۆک دەستیپێکردووە؛ سبەی شێڵتەرە نوێیەکە دەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە سبەی شێڵتەرێکی سەگ لە دهۆک بکرێتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە، رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ئاژەڵان هۆشداری لە هەڵمەتێکی فراوانی "کوشتنی سەگ" دەدەن و دەڵێن، تەنیا لە ماوەی یەک هەفتەدا نزیکەی 200 سەگی بێلانە کوژراون.
 
ئەڤین حازم، سەرۆکی رێکخراوی (ئەڤین) بۆ دۆستانی ئاژەڵ، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند: "لە دهۆک هەڵمەتێکی نادیار بۆ کوشتنی سەگە بێلانەکان دەستیپێکردووە. بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەگەڵ رێکخراوەکانی ئاژەڵدۆستان کۆمانکردووەتەوە، تەنیا لەم هەفتەیەدا لە نێوان 200 بۆ 250 سەگ کوژراون."
 
ئەڤین حازم ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا بکوژەکان نادیارن و لایەنە فەرمییەکانیش دەڵێن زانیارییان لەسەر ناسنامەی بکوژەکان نییە. بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی دەست رووداو کەوتوون، ژمارەیەک گەنج و منداڵ بە چەک و دار و بەرد هێرش دەکەنە سەر سەگەکان و دەیانکوژن.
 
دوای 21 ساڵ چاوەڕوانی، شێڵتەرەکە دەکرێتەوە
 
ئەم هەڵمەتی کوشتنە لە کاتێکدایە، بڕیارە سبەی سێشەممە، 20-5-2026، شێڵتەری دهۆک بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان بکرێتەوە. مێژووی دەستپێکردنی پڕۆژەکە بۆ ساڵی 2005 دەگەڕێتەوە.
 
شێڵتەرەکە لەسەر رووبەری 2 دۆنم زەوی دروستکراوە و 17 کارمەند بەڕێوەی دەبەن. هێشتا پڕۆژەکە گرفتی نەبوونی ئامێری گرتنی سەگ، ئامێری نەشتەرگەری و دەرمانی پێویستی هەیە. رێکخراوەکانی ئاژەڵدۆست بڕیاریانداوە وەک هاوکاری، پێداویستی بۆ شێڵتەرەکە دابین بکەن.
 
نەزۆککردن؛ چارەسەرە زانستییەکە
 
بڕیارە لەنێو شێڵتەرەکەدا نەزۆککردن وەک چارەسەرێکی زانستی بۆ کەمکردنەوەی سەگە بێلانەکان پەیڕەو بکرێ. بەپێی زانیارییەکانی رووداو:
 
• رۆژانە دەتوانرێ 10 سەگی نێر نەزۆک بکرێن و 1 بۆ 2 رۆژ چاودێری بکرێن.
 
• رۆژانە 1 بۆ 2 سەگی مێ نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێ و پێویستیان بە 7 بۆ 10 رۆژ چاودێرییە.
 
• تێچووی چارەسەری هەر سەگێک (نەزۆککردن، کوتانی دژە ڤایرۆس و دەرمانی دژە کرم) لە نێوان 50 بۆ 70 دۆلاردایە.
 
پزیشکانی ڤێتێرنەری باس لەوە دەکەن ئەم پڕۆسەیە رێژەی 70٪ بۆ 80٪ی مەترسیی هێرشی سەگەکان بۆ سەر مرۆڤ کەم دەکاتەوە.
 
مەترسیی سەگەکان لەسەر هاووڵاتیان
 
دیاردەی زۆربوونی سەگی بێلانە و هێرشەکانیان بۆسەر هاووڵاتیان لە سنووری دهۆک زیادی کردووە. لە رۆژی 13-5-2026، لە گەڕەکی گوڵانی ناحیەی فایدیێ، سەگی بێلانە هێرشی کردە سەر باوک و کوڕێک و هەردووکیانی بریندار کرد.
 
عادل بێسفکی، بەڕێوەبەری ناحیەی فایدیێ بە رووداوی راگەیاند: "کێشەی سەگی بێلانە بابەتێکی گشتییە لەسەر ئاستی پارێزگاکە. سەرەڕای تەواوبوونی باڵاخانەی شێڵتەرەکە، هێشتا دەرمان و ستافی پزیشکیی پێویست دابین نەکراوە."