بۆنی پاشماوەی ئاژەڵ دانیشتووانی گەڕەکێکی کەسنەزان ناچار بە فرۆشتنی خانووەکانیان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بۆنی پاشماوەی ئاژەڵ و سووتاندنی خوریی مەڕ، ژیانی لە بەشێکی دانیشتووانی گەڕەکی 11ی ئاداری سەر بە ناحیەی کەسنەزان لە هەولێر تاڵکردووە. بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە دەڵێن، "هەراسان بووین" و بەهۆی بۆنەکەوە ناچارن خانووەکانیان بفرۆشن و لە گەڕەکەکە بار بکەن. ئاژەڵدارێکیش دەڵێت: "ئەگەر حکومەت شوێنمان بۆ دابین بکات، رازین تەویلەکانمان بگوازینەوە."
دانیشتووانی گەڕەکی 11ی ئادار لە کەسنەزان، بەهۆی بوونی نزیکەی 30 تەویلەی ئاژەڵان لە گەڕەکەکەیان، ژیان لێیان تاڵ بووە. ئەوان دەڵێن، بۆنی پاشماوەی ئاژەڵ و دووکەڵی سووتاندنی خوری و پاشماوەکان، وای لێکردوون نەتوانن لە ماڵەکانیان بحەوێنەوە.
دیار یوسف، دانیشتوویەکی گەڕەکەکەیە و بەهۆی بۆنەکەوە ناچار بووە خانووەکەی بفرۆشێت. ئەو هاونیشتمانییە لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی، "چوار ساڵە لەم گەڕەکەم، بەهۆی بۆنی پیسەوە خانووەکەم فرۆشتووە و مانگێکی دیکە لێرە دەڕۆم. شەوان بەهۆی بۆنەکەوە ناچارین موبەریدەکانمان بکوژێنینەوە.لە مانگێکدا تەنیا 5 رۆژ بۆنی پیس نایەت، بەردەوام بۆن دێت."
محەممەد کەمال، دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکەکەیە، بە رووداوی گوت، "خوریی مەڕ و زبڵ دەسووتێندرێ، ئێواران بۆنێکی زۆر ناخۆش بڵاودەبێتەوە. 20 جارمان بە بەڕێوەبەری ناحیە و شارەوانی گوتووە، بەڵام هیچ سوودی نەبووە."
ئاژەڵدارەکان دەڵێن، ئامادەن شوێنەکانیان بگوازنەوە، بەڵام مەرجیان هەیە. حاجی عەبدوڵڵا ئیسماعیل، خاوەنی نزیکەی 200 سەر ئاژەڵە، لە (بەرپرسیار)دا گوتی، "ئەگەر حکومەت ئیشی بە زەوییەکانە، با شوێنمان بۆ دابین بکات و ئاو و کارەبامان بۆ رابکێشێت، ئێمەش دەیگوازینەوە. ئێمە پاشماوەی ئاژەڵ ناسووتێنین، خەڵک لە هەولێرەوە خۆڵ و خاشاک دەهێنن و لێرە فڕێی دەدەن."
عەلی رەشاد، سەرۆکی شارەوانیی کەسنەزان، بە رووداوی گوت، ئەو تەویلانە پێش گەیشتنی ئاوەدانی لەوێ بوون و ئەوان نووسراویان بۆ گواستنەوەیان کردووە و رایگەیاند، "ئامار وەرگیراوە و داوای گواستنەوەی یەکجارەکیمان کردووە بۆ دەرەوەی سنووری شارەوانی. نووسراوەکە بۆ پارێزگا بەرزکراوەتەوە و تاوەکو ئێستا وەڵاممان پێنەگەیشتووە."
نازم حەسەن، موختاری گەڕەکی 11ی ئادار بە رووداوی گوت، "پێویست بوو پێنج ساڵ لەمەوبەر شوێنێکیان بۆ دابین بکرایە. چەندین جار واژۆمان کۆکردووەتەوە و داوامان کردووە بگوازرێنەوە، بەڵام وەڵام نییە."
کێشەکە تەنیا بۆن نییە، بەڵکو دانیشتووان ترسیان لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هەیە، بەتایبەت لە وەرزی گەرمادا. خالید عوسمان، یەکێکی دیکە لە دانیشتووان، دەڵێت، "بەرەو وەرزی گەرما دەچین، کاتێک موبەریدە هەڵدەکەین، بۆنی ئاژەڵ دێتە نێو ماڵەکانمان. ئەم پاشماوانە دەبنەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی وەک کۆلێرا."