دەم پارتی: ئەو سەرباز و گەریلایانەش دەکوژرێن، هەر رۆڵەی ئێمەن

 
رووداو دیجیتاڵ

تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رۆژی سێشەممە 19-05-2026 لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان لەگەڵ موختارەکان کۆبووەوە. 
 
کۆبوونەوەکە لە تەلاری یەکێتیی موختارانی سەمسوور بەڕێوەچوو و ژمارەیەکی زۆر لە موختارەکان تێیدا بەشدار بوون.
 
"پرۆسەی چارەسەری دەرفەتێکی مێژووییە"
 
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری لە باسی پرۆسەی چارەسەریدا رەخنەی لە حکومەت گرت بەوەی لە هەنگاوەکانیدا زۆر سستە و گوتی، "لە مانگ و نیوی رابردوودا باسی ئەوە دەکرێ کە ئایا پرۆسەکە پەکیکەوتووە یان نا! تەلەڤزیۆنەکان شەو و رۆژ باسی ئەمە دەکەن. ئێمەش لە راستیدا هەندێک جار گوتوومانە پرۆسەکە پەکیکەوتووە و هەندێک جار گوتوومانە سڕبووە، بەڵام بەردەوام ئەم پەیامانەمان داوە؛ دەمانەوێ بەسەر کێشەکاندا زاڵ بین و هەوڵی بۆ دەدەین، چونکە بەڕاستی پرۆسەکە دەرفەتێکی مێژووییە."
 
"ئەو سەرباز و گەریلایانەی دەکوژرێن هەر رۆڵەی ئێمەن"
 
هاتیمئۆغوڵڵاری رایگەیاند، "ئەو سەربازەی دەکوژرێ رۆڵەی ئێمەیە؛ گەریلاش رۆڵەی ئێمەیە. دواجار لەم خاکەدا جیاوازیی کورد و تورک، بیروباوەڕ،  ئایین، مەزهەب و نەتەوە نییە. خودا هەموومانی دروست کردووە. واتە منی بە عەرەب دروست کردووە، تۆی بە کورد دروست کردووە و ئەوی دیکەی بە تورک دروستکردووە، بەڵام ئێمە خوشک و براین."
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، "لەم ناوچەیەدا لە تورکیا، لە ئەنادۆڵ و لە خاکی میزۆپۆتامیا، کێشە لەنێوان گەلاندا نییە. گەلان زۆر بە جوانی پێکەوە دەژین. کێشەیەک نییە و بوونەتە خوشک و برا. پێویستە ئاشتییەکی بەردەوام هەبێت. لایەنی کوردی لەم بابەتەدا زۆر سوورە. بەڕاستی گوتیان ئیدی خەباتی چەکداری لە تورکیا بەتەواوی کۆتایی پێدەهێنین.  بڕیاریشیان لەمبارەیەوە داوە. دەڵێن (ئەمە تاکتیک نییە، بەڵکو ستراتیجییە) ئەمە زۆر گرنگە. لەمبارەیەوە چاوەڕوانی هەنگاوی یاسایی دەکرێ، بەڵام دەسەڵات لە هەنگاوی یاساییدا کەمێک بەسستی دەجووڵێتەوە."
 
"پێویستە پێگەی ئۆجەلان روون بکرێتەوە"
 
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری وەڵامی ئەو پرسیارانەشی دایەوە کە لەبارەی پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پرۆسەی چارەسەریدا ئاراستەی کران و گوتی، "با بەڕێز ئۆجەلان وەک هاوئاهەنگیکارێک ئەم گفتوگۆیانە لەگەڵ دەوڵەت و رێکخراوەکەی خۆیشی بەڕێوەببات. لەڕاستیدا بە کردەیی بەو شێوەیە بەڕێوەدەچێت و گفتوگۆکان بەم جۆرەن، بەڵام ناوێکی یاسایی و رەوا نییە. بۆیە کاتێک گەرەنتییەکی یاسایی هەبێت، هەموو کەسێک بە متمانەیەکی زیاترەوە ئەم بابەتانە تاوتوێ دەکات."
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی هەروەها گوتی، "ئێمە دەمانەوێ زیندانیانی سیاسی وەک سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و زۆر کەسی دیکە ئازاد بکرێن. لەم وڵاتەدا نزیکەی پێنج هەزار و چەند سەت زیندانیی سیاسی هەن و پێویستە ئازاد بکرێن. لەم رووەوە ئەو یاسایە گرنگ دەبێت."
 
"لە رۆژانی داهاتوودا شاندەکەمان دەچێتە ئیمرالی"
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد کە پەککەوتنێک لە پرۆسەکەدا هەبووە و گوتی، "ئەم پەککەوتنە تێدەپەڕێندرێ. لە رۆژانی داهاتوودا شاندەکەمان دەچێتە ئیمراڵی. ماوەی مانگ و نیوێکە نە سەردان هەبووە و نە دیدار، هەمووان نیگەران بوون کە ئایا ئەم پرۆسەیە کۆتایی دێت یان نا، بەڵام هەمووان هەوڵ دەدەن کۆتایی نەیەت. ئێمە ناهێڵین کۆتایی بێت و لەسەر ئاشتی سوور دەبین. هیوادارین ئەو یاسا چوارچێوەییەی چاوەڕێ دەکرێ دەربچێت. هەنگاوی کۆنکرێتی بنرێ و ئەم وڵاتە بگاتە ئاشتیی هەمیشەیی."
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پاتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە دوایین لێدوانەکانی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری داوای لە ئاکپارتی کرد، نەخشەڕێگەی پرۆسەکە نوێ بکاتەوە و هەنگاوی خێرا بنێ.
 
لە وەڵامی ئەو گوتانەی دەوڵەت باخچەلی، هەر رۆژی سێشەممە 19-05-2026 عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی دوای کۆبوونەوەی ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی پارتەکەی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتەکەی باخچەلی بەبیرهێنایەوە و رایگەیاند، بەگوێرەی رێنماییەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و روونکردنەوەکانی دەوڵەت باخچەلی هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکەن، نەخشەڕێگەی پرۆسەکە نوێ دەکەنەوە و درێژە بە هەنگاوەکانیان دەدەن.