وردەكاری چیرۆكی ئەو دایك و كوڕەی دوای 36 ساڵ بەیەكدی شادبوونەوە
رووداو- هەولێر
دوای 36 ساڵ لە دابڕانی نێوانیان، دایک و کوڕێک بەیەکدی شادبوونەوە، لەکاتێکدا نە کوڕەکە لە زیندوومانی دایکی ئاگاداربووە، نە دایکی ئاگاداری ئەوە بووە کە کوڕەکەی لە ژیاندا ماوە.
مژاری رۆژی یەكشەممە 19-6-2016ی بەرنامەی هۆت لاینی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو تایبەت بوو بە گێڕانەوەی چیرۆکی دابڕان و بەڕێکردنی 36 ساڵ ژیانی دوور لە یەکدی و ئاشنابوونەوەی دایك و كوڕێكی كورد.
لە رابروودا بە دایکەکە گوتراوە کوڕەکەی سووتاوە و بەو هۆیەوە مردووە، پاڵەوانی ئەو چیرۆکەش کەسێکە بەناوی "رەسوڵ عەبدوڵڵا"، کە ئێستا هاوژینی دایکی کوڕەکەیە، چونکە وەک خۆی دەڵێت نزیکەی 20 ساڵە بەدوای کوڕەکەدا گەڕاوە، لەو ماوەیەشدا هیچ کاتێک ئومێدی دۆزینەوەی کوڕەکەی لەدەستنەداوە.
ئەدیبە عەبدوڵڵا، دایکی کوڕەکە لەمیانی بەشدارییکردنی لە هۆت لاینی رووداو رایگەیاند "دوای شۆڕش ئێمە لەگەڵ خێزانەکەمان چووینە ئێران دواتر تەمەنم 14 ساڵان بوو باوکم بە ژن بەژن منی بە شوودا، کوڕێکم بوو ناوم لێنا (ئومێد). دوای سێ ساڵان بەهۆی سەرهەڵدانی کێشەی خێزانی و نەگونجانمان و دوای ئەوەی سکاڵامان لەیەکدی تۆمارکرد لەگەڵ باوکی ئومێد لە دادگا جیابووینەوە. دادگا ئومێدی دا بە باوکی، ئومێد تەمەنی ساڵ و نیوێک بوو شیری دەخوارد باوکی ئومێد هات و ئومێدی لە باوەشم رفاند ئەوە کۆتا دیتنی من بوو لەگەڵ ئومێد تاوەکو دۆزینەوەمان کە 36 ساڵی خایاندووە".
دایکی ئومێد گوتیشی "کاتێک ئەو رووداوە روویدا ئێمە لە گوندی تەنگەرە دەژیاین لە سنووری پارێزگای مازندەران، دوای ئەوەی ئومێد لەمن وەرگیرایەوە هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە ئومێد دوای ئەوەی سووتاوە مردووە. من بەردەوام هەواڵی ئومێدم دەپرسی بەڵام هەموو خەڵک دەیانگووت ئومێد مردووە و لەمنیان دەشاردەوە. بۆیە منیش سێ ساڵ چاوەڕێی ئومێدم کرد هەر نەبوو، دوای ئەوە من ژیانم تێكچوو و هەر بەخەیاڵی ئومێد دەژیام، دواتر لەگەڵ رەسوڵ مەعرووف هاوسەرگیریم كرد. 33 ساڵە بەیەکەوە دەژین و هیچ کێشەیەکمان نییە پێكەوە".
ئومێد محەممەد، کوڕی ئەدیبە لەبارەی رووداوەکەوە ئاماژەی بەوەکرد "من کە چاوم کردووەتەوە و تێگەیشتووم لەلایەن باپیر و داپیرم گەورەبووم، ئەوان جارجار باسی دایکمیان دەکرد و وێنەیان پیشاندەدام و دەیانگوت ئەوە دایکتە و دەبێت بیناسیت، داپیرەم دەیگوت دایکت ژنێکی باشبووە و هەرگیز بەخراپە باسیان نەدەکرد، باوکیشم لەگەڵ من باشبوو، ئەو دەیویست رابردووم و بێ دایکیم بۆ قەرەبوو بکاتەوە، من لەگەڵ ئەوەشدا من هیچ هەستێکم بۆ دایکم نەبوو، من بە داپیرەم دەگوت دایە چونکە من دایکی خۆمم نەبوو".
ئومێد گوتیشی" ژیانی بێ دایکی زۆر ناخۆشە و من تەنها لەگەڵ ئەو یادگاریانە دەژیام کە لەلایەن بنەماڵەکەمانەوە بۆیان دەگێڕامەوە، بۆیە گومانی تێدانییە کە بێ دایکی ئەستەمە و زۆر ناخۆشە، باوکیشم بەهۆی ئەوەی زۆر لەگەڵ دایکم بەیەکەوە نەبوون بۆیە زۆر لەبارەی دایکمەوە قسەی نەدەکرد، ئەوەی لەبارەی دایکمەوە دەمزانی تەنها ئەو قسانەبوون کە باپیر و داپیرەم بۆیان دەگێڕامەوە".
رەسوڵ مەعرووف، هاوژینی ئەدیبە دەڵێت "من کە لەگەڵ ئەدیبە بەیەکەوە هاوسەرگیریمان کرد، بیرم لەوە دەکردەوە کە بەدوای ئومێد بگەڕێم، بەڵام بەو قسەیە باوەڕم نەدەکرد، بۆیە 20 ساڵ لەمەوبەر دەستمان کرد بە گەڕان بەدوای ئومێد. ئەوەبوو ساڵ و نیوێک بەر لە ئێستا هەواڵی ئەوەمان بیست لەڕێگەی هاوڕێیەکمەوە پێیانگووتم ئومێد ماوە و ئێستا دەخوێنێت و بەتەنیا دەژی. ئەوەبوو من دۆزیمەوە و هەوەڵی ئەوەمدا کە بەیەکیان بگەیێنمەوە".
هاوژینی ئەدیبە گوتیشی" دوای ئەوە من وێنەیەکم لەگەڵ ئومێد گرت بردم بۆ ئەدیبە و پێمگووت کە ئەوە ئومێدە. دوای ئەوە دەستیکرد بە گریان و باوەڕی نەدەکرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەمن سەرەتا قسەم لەگەڵ ئومێد کرد ئەویش دەیگووت دایکم لەژیان نەماوە و دەگریا".
لە هەمان بەرنامەی رووداو مینا سالار، هاوژینی ئومێد دەڵێت "کاتێک من شووم بە ئومێد کرد، گوتیان دایکی ئومێد مردووە، کەچی دوای چەند ساڵێک دەرکەوت کە ئومێد دایکی ماوە و ئەوەش بۆ من شتێکی سەیربوو بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆشحاڵبووم کە من دایکم هەیە و ئەویش دایکی دەدۆزێتەوە، من کاتێک دەبینم ئومێد خۆشحاڵە ئەوە بۆ من هەموو شتێكە و منیش خۆشحاڵم. ئێستا من دوو دایکم هەیە و رێزی دەگرم و خۆشحاڵم".