دەرچووانی زانکۆ بۆ کارکردن لە کەرتی تایبەت رادەهێندرێن
رووداو - سلێمانی
هەردوو رێکخراوی گەشەپێدانی گەنجان و رێکخراوی CDO دەیانەوێت لەسەر ئاستی شاری سلێمانی راهێنان بە دەرچوانی زانکۆ بکەن بۆ ئەوەی لە کەرتی تایبەت کاربکەن.
شادیە رەسوڵ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی، رایگەیاند " رۆژی یەکشەممە 19-6-2016 هەردوو رێکخراوی گەشەپێدانی گەنجان و رێکخراوی CDO، دەیانەوێت لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی، راهێنان بەو قوتابیانە بکرێت، کە ئەمساڵ و ساڵانی رابردوو لە زانکۆکان دەرچوون".
پەیامنێری رووداو هەروەها گوتی " مەبەست لەو راهێنانە ئەوەیە بتوانرێت سوود لەو دەرچووانەی زانکۆ لە کەرتی تایبەتدا وەربگیرێت، چونکە وەک خۆیان دەڵێن چەند ساڵێکە لە کەرتی حکومیدا دەرفەتی دامەزراندنیان نەبووە".
ئەم خوولە لەسەر چەند ئاستێک دەبێت وەکو: چۆنیەتی کارکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ بەرامبەر، چۆنیەتی نووسینی ئەو نووسینانەی تایبەتن بە کارمەندێک لە کەرتی تایبەتدا، ئەو ماف و ئەرکانەی دەرچوویەکی زانکۆ لە کەرتی تایبەتدا دەکەوێتە سەرشانی.
پەیامنێری رووداو، ئاماژە بەوە دەدات، هەڵمەتەکە هەم هەڵمەتێکی هۆشیاریە، هەمیش هەڵمەتێکی تایبەتە بە کەرتی تایبەت و ئەو دوو رێکخراوەش دەڵێن ئەوان داوایان لە زیاتر لە 20 کۆمپانیای کەرتی تایبەت کردووە هاوکار بن لەگەڵیاندا.