بەڕێوەبەرانی سایلۆی کەرکووک و ریاز و 12 کەسی دیکە لەسەر گەندەڵی دەستگیر دەکرێن


رووداو دیجیتاڵ

بە بڕیاری دەستەی دەستپاکیی کەرکووک لەسەر بەفیڕۆدانی 7 ملیار دینار و دیارنەمانی 75 هەزار تۆن گەنم و وەرگرتنی بەرتیل، هەردوو بەڕێوەبەری سایلۆی کەرکووک و ریاز و 12 کەسی دیکە دەستگیر دەکرێن. 
 
هیوان حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند: بە بڕیارێکی دەستەی دەستپاکی هێزێکی ئەمنی هەڵیکوتاوەتە سەر سایلۆی کەرکووک وەکو بنکەی سەرەکی، هەروەها سایلۆی ریاز، لەو نێوەندەدا 14 کەس دەستگیرکراون و ماوەی 6 رۆژە لە زیندانن بە تۆمەتی بەفیڕۆدانی 7 ملیار دینار لە سامانی گشتی هەروەها گەندەڵیکردن و وەرگرتنی بەرتیل لەو خەڵک و شۆفێرانەی سەردانی سایلۆی کەرکووکیان کردووە، بە تایبەتی لە وەرزی وەرگرتنی گەنم و جۆی جووتیاران.
 
دەستەی دەستپاکی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوەدا، دەستگیرکردنی 14 کەس دەدات، کە بەڕێوەبەری هەردوو سایلۆی کەرکووک و سایلۆی ریازی تێدایە، بەپێی ئەو راگەیێندراوە ئەمانە بە بڕی 7 ملیار دینار گەندەڵیان ئەنجامداوە.
 
گەندەڵییەکە لە سێ بوارە، بوارێکیان کە بەفیڕۆدانە، مەبەست لێی خەرجی زیادەیە، 7 ملیار دینار لەو بودجەیەی کە کۆمپانیای گشتیی دانەوێڵە لە عێراق بۆ سایلۆی کەرکووکی ناردووە، بەڵام ئێستا بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەو پارەیە دیار نەماوە یاخود نازانرێت چۆن خەرجکراوە و پسوولەی خەرجکردنی نییە.
 
بواری دووەمیان لەو گەندەڵییانەی کە کراوە، وەرگرتنی بەرتیل بە تایبەتی لە وەرزی وەرگرتنی گەنم و جۆ لەو جووتیارانەی سەردانی سایلۆی کەرکووکیان کردووە بۆ رادەستکردنی گەنمەکەیان، لە رێگەی پێدانی دیاری و پارە و چاوپۆشیکردن رێگە بە هەندێک لە بارهەڵگرەکان دراوە گەنمەکەیان لێوەرگیراوە، لە هەندێک باریشدا گەنمەکە پلە یەک نەبووە، بەڵام بە پارە کراوەتە پلە یەک.
 
گەندەڵییەکی دیکەیان دیارنەمانی 75 هەزار تۆن گەنمە، باس لەوە دەکرێت کاتێک کاژێر 11ی شەو بووە هێزێکی چەکداری ئەمنی لەگەڵ بەڕێوەبەری سایلۆی ریاز و کۆمەڵێک لەو کەسانەی کە ئێستا هەندێکیان دەستگیرکراون و بەشێکیشیان هەڵاتوون، دەرگەی سایلۆی ریاز دەکەنەوە و 75 هەزار تۆن گەنم لەنێو سایلۆکە بار دەکەن و بۆ شوێنێکی نادیاری دەبەن.