محەممەد شێخ فاتیح بۆ هاونیشتمانییان: وەرنە وان و گەرمای 50 پلەیی بگۆڕن بۆ 24 پلە
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو لە پارێزگای وانی باکووری کوردستانە و دەڵێت، پلەی گەرما لەو شارەی باکووری کوردستان نزیکەی 25 پلەی سیلیزییە.
محەممەد شێخ فاتیح پێشنیازی بۆ خەڵکی باشووری کوردستان کرد و گوتی، "ئەگەر بکرێت لە سێ مانگی هاویندا لەگەڵ خێزانەکەت روو لە وان بکەیت و هاوینەکەت لێرە بەسەرببەیت زۆر نایاب دەبێت، چونکە شارێکی زۆر ئارامە. هەروەها نرخی خواردن و کاڵاش بەراورد بە شارەکانی دیکە گونجاوە. ئەگەر گەشتیارێک لە شارەکانی تورکیادا لە ماوەی هەفتەیەکدا 1000 دۆلار خەرج بکات، لە وان 200 دۆلار خەرج دەکات."
محەممەد شێخ فاتیح هەروەها دەڵێت لە هەولێرەوە بۆ وان 640 کیلۆمەتر رێگەیە و پێشنیاز دەکات هاونیشتمانییان بە رێگەیەکی وەها کورت، پلەی گەرمای خۆیان لە نزیکەی 50 بۆ 24 پلە یان 26 داببەزێنن؛ هەروەها گوتی، ئەگەر ئێستا لە وان چاو بنوقێنیت، وا هەست دەکەیت 15ی ئادارە.
محەممەد شێخ فاتیح بەراوردی نێوان شارەکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و ترابزۆن لەگەڵ وان دەکات و دەڵێت، "کەشوهەوای خۆش، کەناراو، خواردنی زۆر باش هەیە؛ ئەو شتومەکەی لە شارەکانی تورکیا هەیە هەمان شت لێرەش هەیە، بەڵام بە نرخێکی زۆر گونجاو."
هەروەها سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو کە ئەویش لە وانە لە میانی بەشداریکردنی لە بوولتەنی نیوڕۆژدا گوتی، "با خەڵکی کوردستان نیگەرانی ئەوە نەبن و نەڵێن ناتوانین بڕۆینە سەر دەریا. با بێنە ئێرە و دەریاچەی وانی لێیە."
سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشنیازی بۆ گەشتیاران کرد و گوتی، بە فڕۆکە و بە نرخێکی زۆر گونجاو دەتوانن بێنە وان و چەند رۆژێکی خۆش بەسەر ببەن؛ هەروەها باسی لە نانی بەیانیی وان کرد.
نانی بەیانیی وان لە خۆشترینەکانی جیهانە و ساڵی 2014 بە بەشداری 51 هەزار و 793 کەس لە سەر خوانێک چووە نێو تۆماری گینس. وان ئەو ژمارە پێوانەییەی لە ئەمریکا وەرگرتەوە کە پێشتر بە 18 هەزار و 941 کەس پێشەنگ بوو.
دەریاچەی وان دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی وان و بەدلیسی باکووری کوردستان؛ گەورەترین دەریاچەی کوردستان و گەورەترین دەریاچەی سۆدەیی جیهانە؛ رووبەرەکەی سێ هەزار و 713 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و چوار دوورگەی تێدایە.
ئەو پارێزگا گەشتیارییەی باکووری کوردستان خاوەن شوێنەواری دوورگەی ئاختامار، چارپاناک، قەڵای وان، قەڵای خۆشاب، سۆلافی بێگر و سۆلافی کانی سپییە و وێستگەیەکی سەرەکیی گەشتیارانە. بەهۆی هاوسنوورییەوە، زۆربەی گەشتیارانی ئەو پارێزگایە هاونیشتمانییانی رۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکی ئێرانن.
فەوزی چەلیکتاش، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان رۆژی 14-7-2023 رایگەیاند، "ئەمساڵ لە ماوەی پێنج مانگی سەرەتای ساڵدا پێشوازیمان لە 137 هەزار گەشتیاری ئێرانی کردووە. ئامانجمان ئەوەیە ساڵانە میوانداری یەک ملیۆن گەشتیار بکەین."
گرنگییەکی دیکەی دەریاچەی وان بوونی ماسییەکە بە ناوی دارەخ. ئەو جۆرە ماسییە تەنیا لە وان هەیە. ساڵانە لەکاتی کۆچی پێچەوانەی ئەو جۆرە ماسییەدا گەشتیاران بە تایبەت دەڕۆنە وان بۆ ئەوەی ساتی کۆچی ماسییەکان ببینن، بەتایبەتی کە بەشێکیان دەبنە خۆراکی ماسیگرەکان.
بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، تەمەنی دەریاچەی وان 600 هەزار ساڵە؛ ئەو دەریاچەیە 103 جۆر رووەک و گیا و 36 جۆر ماسی تێدایە. زانایان دەڵێن، دەریاچەی وان بەهۆی تەقینەوەی گڕکانێکی گەورە لە چیای نەمروود دروستبووە.