لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 15.5 ملیۆن کەس بۆ گەشت چوونەتە باکووری کوردستان و تورکیا


رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی کولتوور و گەشتیاریی تورکیا، لە مانگەکانی کانوونی دووەم، شوبات، ئادار، نیسان و ئایاری ئەمساڵدا ژمارەی گەشتیاران لە باکووری کوردستان و تورکیا بەراورد بە هەمان مانگەکانی ساڵی رابردوو 23.65٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 15 ملیۆن و 593 هەزار و 489 کەس.
 
وەزارەتی کولتوور و گەشتیاریی تورکیا دەڵێت، 14 ملیۆن و 34 هەزار و 175 کەس لە کۆی ئەو گەشتیارانەی سەردانی وڵاتەکەیان کردووە، بیانی بوون؛ ملیۆنێک و 559 هەزار و 314 کەسیش خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیا بوون و لە دەرەوە دەژین. 
 
لە یەکەمین پێنج مانگی ساڵی 2023دا رووسیا بە ملیۆنێک و 794 هەزار و 185 گەشتیار پلەی یەکەمی لە لیستی گەشتیارانی تورکیادا گرتووە؛ ئەڵمانیا بە ملیۆنێک و 583 هەزار و 953 گەشتیار پلەی دووەم و بولگاریاش بە ملیۆنێک و 56 هەزار و 524 گەشتیار لە پلەی سێیەمدایە.   
 
لە لیستەکەدا عێراق لە پلەی هەشتەمدایە و ئامارەکە دەریدەخات، لە کانوونی دووەم تاوەکو کۆتایی ئایاری ئەمساڵ، لە باشووری کوردستان و عێراقەوە 352 هەزار و 354 گەشتیار چوونەتە باکووری کوردستان و تورکیا. 
 
ئاماری گەشتیاران لە پێنج مانگی یەکەمی 2023
 
رووسیا؛ 1.794.185 گەشتیار
ئەڵمانیا؛ 1.583.953 گەشتیار
بولگاریا؛ 1.056.524 گەشتیار
بەریتانیا؛ 982.267 گەشتیار
ئێران؛ 794.177 گەشتیار
جۆرجیا؛ 620.073 گەشتیار
ئەمریکا؛ 372.223 گەشتیار
عێراق؛ 352.354 گەشتیار