لە گوندی پیرۆمەری باڵەکایەتی خەڵک بە هەرەوەزی دروێنەی گەنم دەکەن

 
رووداو - باڵەکایەتی

لە سنووری باڵەکایەتی وەرزی دروێنەی گەنمە و خەڵکی گوندەکان بە هەرەوەزی و بە گوتنەوەی گۆرانی و چالاکیی دیکەی تایبەت بە خۆیان، دروێنە دەکەن.
 
خالید مستەفا، دروێنەکار لە گوندی پیرۆمەر لە دۆڵی رۆستی باڵەکایەتی دەڵێت، "هەتا ئێستا ئەو نەریتە لای ئێمە هەر ماوە، کە بۆ دروێنەی هەرەوەزیی گەنم لە گوندەکانی سرێشمە و لە رۆستەوە خەڵک دێن و وەکو برایەتی هاوکاریی یەکدی دەکەن."
 
لە هەر دروێنەیەکی هەرەوەزیی گەنم، چەند کەسێک دەبنە سەرپەرشتیار و پێیان دەگوترێت "سەرپاڵە" کە کاتی کار و پشوودان دیاریدەکەن.
 
دروێنەکار دەبێت دەست و بازووی بەهێز بن و فەرمانەکانی "سەرپاڵە" جێبەجێ بکات. خالید پیرۆمەری دەڵێت، "ئەوەی سەرپەرشتیی ئیشەکەی دەکرد ئەو نازناوەیان پێ بەخشیبوو، پێیان دەگوت، سەرپاڵە. ئەوەی لەزەتم لێ دەکرد دروێنەی گەنم بوو، سێ برام هەرسێکیان دروێنەیان دەکرد، دەمگوت رێگەم پێبدەن با منیش بێمە ناوتان."
 
ساڵح سۆفی، دروێنەکار ئاماژە بەوە دەکات، "ئەوەی نەیتوانیبا دروێنە بکات یان ئاومان پێ دەهێنا یان دەمانگوت بڕۆ یارمەتیی ژنەکان بدە، ئەوەی تازەش فێری کارەکە دەبوو، دوو پیاو دەیانخستە نێوان خۆیان و ئەگەر هەڵەی کردبا، بە پشتی داس لێیان دەدا."
 
دروێنەکاران لەلایەن خاوەنکارەوە خواردنی باشیان بۆ ئامادە دەکرێت؛ دوای پشوویەک و خوانێکی تێر و پڕ، دروێنەکاران بە وزەیەکی زۆرەوە دەستپێدەکەنەوە بۆ تەواوکردنی کارەکە.
 
نەریتی هەرەوەز مێژووێکی دێرینی هەیە لەو دەڤەرە؛ هەر دروێنەی گەنم نا، بەڵکو هەموو ئەو کارانەی سەختن، هەرەوەزییان بۆ دەکرێت.