لە چۆمان بەهۆی شکانی بەستەڵەکی بەفرەوە گەنجێک گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە گەنجێک لە هاوینەهەواری پڕژە لە چۆمان کەوتە ژێر بەفر و گیانی لەدەستدا.
ئەو گەنجەی کە گیانی لەدەستداوە ناوی هۆشیار عەبدولکەریمە، دانیشتووی گوندی گربەویلە لە سنووری رۆڤیا لە پارێزگای دهۆک و چوار منداڵی هەیە. مەنهەل مۆفەق شەهاب، بەڕێوەبەری ناحیەی رۆڤیا بە رووداوی گوت، لە ناحیەکەیان چێشتلێنەر بووە.
هۆشیاری تەمەن 35 ساڵ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی چووبوونە هاوینەهەواری پڕژە لە چۆمان، بەڵام بەهۆی شکانی بەستەڵەکی بەفرەوە، هۆشیار دوای برینداربوونی و گەیاندنی بە نەخۆشخانەی چۆمان، گیانی لەدەستدا.
ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو لە سۆران رایگەیاند، جگە لە گیانلەدەستدانی هۆشیار، لە 2017ـەوە تاوەکو ئێستا سێ کەسی دیکە بە هەمان هۆکار و لە هەمان شوێن گیانیان لەدەستداوە، لە ساڵی 2017 دوو گەشتیار و لە ساڵی 2021یش گەشتیارێک بەهۆی شکانی بەستەڵەکی بەفرەوە گیانیان لەدەستدا.
پڕژە ناوچەیەکی گەشتیارییە و دەکەوێتە سەرووی قەزای چۆمان، هەرچوار وەرزی ساڵ بەفری لێ دەمێنێت و ناوچەیەکی فێنکە. لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، گەشتیارێکی زۆر رووی تێدەکەن.