مەسرور بارزانی و ستیڤن ڤەیگن: پێویستە بەغدا لە زووترین کاتدا مووچە و شایستە داراییەکان بنێرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە باڵیۆز ستیڤن ڤەیگن، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد. هەردوو لا هاوڕابوون لەوەی "پێویستە حکومەتی فیدراڵ لە زووترین کاتدا، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت"
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکەدا، کە ستیڤ بیتنەر، کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە تاوتوێ کرا."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، باڵیۆز ڤەیگن، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ قەوارەی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانێکی بە هێز دووپات کردەوە.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتگیریی بەردەوامیی ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لە هەرێمی کوردستان کرد.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە "پێویستە حکومەتی فیدراڵ لە زووترین کاتدا، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و لە نزیکترین کاتیشدا، هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەست پێ بکاتەوە."
هەروەها "دەبێت هێرشی تیرۆریستی و تێکدەرانەی درۆنەکان بۆ کێڵگە نەوتییەکان و ژێرخانی وزەی هەرێم بوەستێت."
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێکبهێنرێت.