نەبوونی پڕۆژەی ئاودێری و کوژاندنەوەی زەویی کشتوکاڵی بوونەتە هەڕەشە لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان
رووداو دیجیتاڵ
نەبوونی پڕۆژەی ئاودێری و کوژاندنەوەی زەویی کشتوکاڵی بوونەتە هەڕەشە لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان. بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، بەهۆی وشکەساڵییەوە ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستان بە رێژەی 50% کەمیکردووە.
بەپێی نوێترین رووپێویی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە کۆی سێ هەزار و 770 گوند لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، سەرچاوەی ئاوی 867 گوند وشکی کردووە، هەروەها هەڕەشەی وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاو لەسەر 1360 گوندی دیکەی هەرێمی کوردستان هەیە. بەو پێیەش بێت 57%ی گوندەکانی هەرێمی کوردستان هەڕەشەی کەمئاوییان لەسەرە. ئەوەش وادەکات کارەساتی کۆچکردن لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان زیاد بکات و سێکتەری کشتوکاڵیش بەرەو داتەپین بچێت.
لە بەرنامەی ئەمجارەی "لەگەڵ رەنج"ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەوی یەکشەممە 18-09-2022 پەخش کرا، کێشەکانی بەردەم سێکتەری کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان و رێگەچارەکانی بە میوانداریی هەریەک لە رزگار حەمەد خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵ؛ د. هێمن عەبدولخالق، پسپۆڕی بەڕێوەبردنی ئاو؛ د. مەریوان ئەکرەم، مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە ئاوی ژێر زەوی؛ سەفین ئاغا، بڕیاردەری لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان و عەبدوڵڵا حاجی فەیسەڵ، جووتیار، خرانە بەر باس.
"هەرێمی کوردستان دەبێت ئامادەکاری بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسییانە بکات کە رووبەڕووی زەویی کشتوکاڵی و ئاو بوونەتەوە"
رزگار حەمەد خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵ پێیوایە "ئاسایشی ئاو و خۆراک لە جیهاندا لە مەترسیدایە، هەرێمی کوردستانیش هەرێمێکە دەبێت ئامادەکاریی تەواو بکات بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسییانەی کە رووبەڕووی زەویی کشتوکاڵی و ئاوی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە."
بە بڕوای ئەو راوێژکارە لە وەزارەتی کشتوکاڵ، "وڵاتە تازە گەشەکردووەکان، دۆخی سیاسیی ناوچەکەیان و وڵاتەکان بەشێک لە گیرو گرفتیان هەیە، هەرێمی کوردستانیش یەکێک بووە لەو هەرێمانەی کە 7000 ساڵ پێش ئەمڕۆ لە مێژووی کشتوکاڵدا ناوی هەبووە، 5000 ساڵ پێش ئێستا چەرمۆ هەبووە، هەزاران ساڵ پێش ئێستا لە شارەزوور کشتوکاڵ کراوە. ئەم هەرێمەی ئێمە هەرێمێکی ئابووریی زۆر گرنگە."
رزگار حەمەد خدر پێیوایە، پشتبەستن بە تەنیا سەرچاوەیەک کە "کاریگەریی خراپی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ هەبوو، نەوت بوو. هەرێمی کوردستان دەوڵەمەندترین هەرێمە لە ناوچەکەدا لە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵیدا، چ لە بواری کشتوکاڵی ئاوی بێت چ لە بواری کشتوکاڵی دێمی بێت."
ئەو راوێژکارە لە وەزارەتی کشتوکاڵ باسی لەوەش کرد، "هەرێمی کوردستان لە کاتی ئاساییدا لە زۆر ناوچەی دێمیدا توانای بەرهەمهێنانی سەروو ملیۆنێک تۆن گەنمی هەیە."
لەبارەی بودجەی پێویست بۆ پڕۆژە یاخود پێدانی قەرز بە جووتیاران، رزگار حەمەد ئەوەی خستەڕوو، بودجەی ئەوتۆیان لەبەردەستدا نییە بۆ پڕۆژە یان پێدانی قەرز بە جووتیاران وەکو ساڵانی پێشووتر، "ئەوەی ئێستا ئێمە کردوومانە بریتی بووە لەوەی هەلی وەبەرهێنان دروست بکەین، مەترسییەکانی وەبەرهێنەر کەم بکەینەوە، کێشەی کەمیی کوژاندنەوەی زەوی کەم بکەینەوە، زەویی کشتوکاڵی بەهەدەر نەدەین، پڕۆژەی جۆری بهێنینە هەرێمی کوردستان."
"وەزارەتی کشتوکاڵ کار لەسەر گەیاندنی ئاوی زێ و رووبارەکان بۆسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان دەکات"
سەبارەت بە بابەتی ئاویش ناوبراو گوتی، "بە سێ ئاراستە کارمان لەسەر بابەتی ئاو کردووە، یەکەمیان پڕۆژەیاسای پاراستن و بەڕێوەبردنی ئاومان دەرکردووە، ئێستا خەریکی نووسینەوەی رەشنووسی رێنوێنییەکەین و لیژنەی باڵای پاراستن و بەڕێوەبردنی ئاو لە ماوەیەکی نزیکدا کۆدەبێتەوە بۆ چۆنێتی ئیدارەدان و بەردەوامیی ئاو. یەکێکی دیکە لە بابەتە هەرە گرنگەکان لە پڕۆژەکانی 2020ـەوە تاوەکو ئێستا کە بە 71 ملیار دینار مەزەندە دەکرێت لە پڕۆژەکانی وەبەرهێناندایە و بریتییە لە پڕۆژەی ئاودێری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، رەزامەندی بۆ ئەو پرۆژانەش وەرگیراوە."
یەکێک لە پلانە ستراتیجییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو پێنج سەرچاوە ئاوییەی لە کوردستاندا هەیە، بە گوتەی رزگار حەمەد، "کارکردنە لەسەر گەیاندنی ئاوی زێ و رووبارەکان بۆسەر زەویی کشتوکاڵی، بۆ بە بەراوکردنی زەویی کشتوکاڵی، کەمکردنەوەی ئەو پرۆژانەی کە دەیانەوێت بە ئاوی بیر پڕۆژە دروست بکەن."
"وەزارەتی کشتوکاڵ ناتوانێت پلانەکانی بۆ جووتیاران جێبەجێ بکات"
عەبدوڵڵا حاجی فەیسەڵ، جووتیارە و بەشداربوویەکی بەرنامەکە بوو، لەبارەی گرفتەکانی بەردەمیان گوتی، "وەزارەتی کشتوکاڵ هیچ شتێکی بۆ جووتیاران دابین نەکردووە، من باس لە شتە بنچینەییەکان دەکەم. دوو ساڵە وشکەساڵییە و حکومەت هیچ پلانێکی نییە، ئەوەی وەزارەتی کشتوکاڵیش پلانی بۆ داناوە ناتوانێت هیچی بۆ جووتیاران جێبەجێ بکات، چونکە کات نەماوە."
ئەو جووتیارە باسی پرسی کوژاندنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان دەکات و دەڵێت، "ئێستا بەنیازی زەویی خۆمان نین، زەوییەکانمان هەمووی کوژێندراونەتەوە. هەولێر بووەتە دوو بەش، ماستەرپلانی یەک و دوویان داناوە، بەپێی ماستەرپلانی یەکەم ئێستا دەوروبەری هەولێر، وەکو بەحرکە، گەزنە، کەڕک، پیرزین، شاوێس و ناوچەی بەڕانەتی، یەک دۆنم زەوییان نەماوە و هەمووی کوژێندراوەتەوە. بەپێی ماستەر پلانی دووەمیش ئاگادارکراومەتەوە کە نابێت بیر لێبدەم، نابێت عەمبارێک بکەم، نابێت خانوویەک بۆ خۆم بکەم. ئەگەر بێتو بیر لێبدەین بەڵێننامەمان لێ وەردەگیرێت، ئەگەر بێتو حکومەت کاری بەو زەوییە بێت، نابێت داوای قەرەبوو بکەین، ئەمە لە کوێی دونیا هەیە؟"
عەبدوڵڵا فەیسەڵ گلەیی دەکات و دەڵێت، "زەوییە کشتوکاڵییەکانمان کراونەتە قوربانیی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان."
"حکومەت ستەمێکی زۆر لە جووتیاران دەکات"
سەفین ئاغا، بڕیاردەری لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان، پشتیوانی لە قسەکانی ئەو جووتیارە دەکات و دەڵێت، "زەویمان زۆر لەدەستداوە، ستەمێکی زۆر لە جووتیاران کراوە. تەنیا لە ناوچەی بەڕانەتی زیاتر لە 15 گوندی ئەو ناوچەیە یەک دۆنمیشی نەماوە، ئەو ستەمەش حکومەت کردوویەتی."
بڕیاردەری لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ستەمەکە ئەوەیە "حکومەت زەویی ئەو گوندانە دەکوژێنێتەوە و دەیانداتە وەبەرهێنەران و وەبەرهێنانی لەسەر دەکرێت، بەبێ ئەوەی هیچ قەرەبوویەکی جووتیاران بکاتەوە."
"لەبری زەوییە کشتوکاڵییەکان، دەبوو حکومەت دەستی بۆ زەوییە بەردییەکان بردبووایە"
هەر لەبارەی کوژاندنەوەی ئەو زەوییانە، بڕیاردەری لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان نموونە بە شارۆچکەی بەحرکە دەهێنێتەوە و دەڵێت، "33 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری بەحرکە کوژێندراونەتەوە بۆ وەبەرهێنان، لە بەحرکەوە تاوەکو دەگاتە 100 مەتری، دەبوو ئاوی بۆ بهێندرابووایە، دەبوو پاڵپشتیی جووتیار کرابووایە و هانی جووتیار درابوایە. بۆ دروستکردنی ڤێلا و شوقە، زەوی بەردی هەیە کە بە کەڵکی کشتوکاڵ نایێت، حکومەت دەستی بۆ ئەو زەویانە بردبا و دابەشی کردبا و بیدابووایە بە وەبەرهێنەران."
"لەم کابینەیەدا کەمترین زەویی کشتوکاڵی کوژێندراونەتەوە"
لە وەڵامی بڕیاردەری لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان و جووتیارە کوردەکە. رزگار حەمەد خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژە بەوە دەدات کە "لەم کابینەیەدا کەمترین زەویی کشتوکاڵی کوژێندراونەتەوە، کوژاندنەوەی زەویی کشتوکاڵی بە یاسا کراوە. بە یاسا ناتوانین رێگربین لە کوژاندنەوەی زەویی کشتوکاڵی."
"ئاوی ژێر زەوی بە تێکڕا سەروو 50 بۆ 60 مەتر دابەزیوە"
سەبارەت بە پرسی ئاو و ئاودێری د. مەریوان ئەکرەم، مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە ئاوی ژێر زەوی ئاماژەی بەوە دا، "لە کوردستان و بەتایبەت لە هەولێر، بۆ زۆربەی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ ئاودێری، ئاوی بیرەکان بەکاردەهێنن. هەندێکیان بە فەرمی بیریان لێداوە، زۆربەشی بە سەرپێچی بیری لێداوە."
سەبارەت بە کوژاندنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانیش، ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەڵێت، "زۆربەیان بۆ ئەوە کوژێندراونەتەوە، بۆئەوەی بکرێنە باڵەخانە و شوێنی نیشتەجێبوون. ئایا حکومەت بیری لەوە کردووەتەوە لەو رووبەرە فراوانە پێویستی بە چەند ئاوە و ئێمە ئەو ئاوەمان هەیە؟"
بە ئاماژەکردن بە چەند داتایەک سەبارەت بە دۆخی ئاوی ژێر زەوی، د. مەریوان ئەکرەم باسی لەوە کرد، "بەراورد بە 20 ساڵی رابردوو، ئێستا ئاوی ژێر زەوی بە تێکڕا سەروو 50 بۆ 60 مەتر دابەزیوە. لە هەندێک شوێن سەروو 100 مەتر و لە هەندێک شوێنیش ئاوەکەی وشک کردووە. بۆئەوەی ئەو ئاوە بگاتەوە ئاستی خۆی، پێویستی بە 20 ساڵی دیکەیە ئەگەر تەنیا باران ببارێت."
سەبارەت بەو "پۆند"انەشی کە بۆ گلدانەوەی ئاو دروستکراون، بە بڕوای ئەو شارەزایەی ئاوی ژێر زەوی، " ئەوانە پۆند نین، بەڵکو گۆمی ئاون". دەشڵێت، "سیاسەتی بەڕێوەبردنی ئاو لە هەرێمی کوردستان بە تەواوی هەڵەیە، زیاتر لە 30 هەزار بیری زێدەڕۆ و بێ مۆڵەت لە هەولێر هەن."
"هیچ پڕۆژەیەکی ئاودێری لەسەر زێیەکانی کوردستان نەکراوە"
د. هێمن عەبدولخالق، پسپۆڕی بەڕێوەبردنی ئاو، لەبارەی سوود وەرگرتن لە ئاوی سەر زەوی لە بەرنامەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، "لە هەر چرکەیەکدا 60 مەتر ئاوی زێی گەورە بەفیڕۆ دەچێت، بۆ پڕۆژەی ئیفرازی یەک و دووی هەولێر، لە چرکەیەکدا شەش مەتر ئاو بەکاردەهێندرێت."
بە گوتەی ئەو پسپۆڕەی بەڕێوەبردنی ئاو "ئاستی دابەزینی ئاوی ژێر زەوی لە باشووری هەولێر زۆر مەترسیدارە و دابەزینەکە بەو شێوەیە کارەساتە."
د. هێمن عەبدولخالق پێیوایە هیچ سوودێک لەو سەرچاوە ئاویانە وەرنەگیراوە بۆ پڕۆژەی گەورەی ستراتیجی لە بواری کشتوکاڵ و دەڵێت، "کەرتی ئیدارەدانی ئاومان نییە، بە نموونە 473 کیلۆمەتر ئاوی زێی گەورەمان هەیە، کەچی هیچ کەناڵێکی ئاودێریی لەسەر دروست نەکراوە، تەنیا ئەوەی کەڵەک نەبێت کە ئەویش سەردەمی رژێمی بەعس دروستکراوە. 456 کیلۆمەترمان هەیە لەسەر زێی بچووک چەند کەناڵی ئاودێریی لەسەر دروستکراوە؟ ئەمە جگە لە سوودی کشتوکاڵی، بۆ گەشتوگوزاریش سوودی لێ وەرنەگیراوە. لە خابوور 103 کیلۆمەترمان هەیە، هیچ سوودی لێ وەرنەگیراوە. لە زێی سیروان 386 کیلۆمەترمان هەیە، هیچ سوودێکی بۆ ئاودێری لێ وەرنەگیراوە."
لەبارەی سوود وەرگرتن لەو سەرچاوە ئاوییانە و دروستکردنی بەنداو لەسەریان ئەو پسپۆڕەی بەڕێوەبردنی ئاو ئاماژە بەوە دەکات، "بەنداوی مەنداوە، بەنداوێکی زۆر گرنگە کە لەدوای پڕۆژەی بەنداوی بێخمە دێت. بێخمە دروست ناکرێت و ئەو بابەتە بە هەر هۆکارێک پشتگوێخراوە، یەکێکە لە پڕۆژە هەرە گرنگەکان ئەگەر بێتو بە کەمتر ئەو قەبارەیەی کە پێشتر بۆی دانراوە، بۆ دابینکردنی ئاوی ژێر زەوی و بواری گەشتوگوزار، کشتوکاڵ، کارەبا سوودی زۆری دەبێت."
"دەست بە جێبەجێکردنی 24 پڕۆژەی ئاودێری کراوە"
لە وەڵامی ئەوەش کە وەزارەتی کشتوکاڵ چ پڕۆژەیەکی جێبەجێ کردووە بۆئەوەی سوود لە ئاوی سەر زەوی وەربگیرێت، رزگار حەمەد خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "53%ی سەرچاوەی ئاو لە هەرێمی کوردستانە 47%ی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانە، ئەو پڕۆژە ئاودێرییانەی دەستمان پێکردووە، چوار پڕۆژە تەواو کراون، دەست بە جێبەجێکردنی 24 پڕۆژەی ئاودێری کراوە. پێنج پۆندی ئاومان تەواو کردووە کە توانای رووماڵکردنی سەروو سێ بۆ پێنج ملیار مەتر چوارگۆشە ئاوی هەیە."
سەبارەت بە بەنداوەکانیش، ئەو راوێژکارە لە وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی، "کارمان لەسەر نۆ بەنداوی ستراتیجی کردووە و دیزاینی تەواو کراوە، ئەو بەنداوانەی کارکردن تێیاندا سەروو 80% تەواو بووە هەشت بەنداوە کە 13 ملیار دیناری بۆ دانراوە بۆ تەواوکردنیان، بۆ نموونە بەنداوی خۆرنەوەزان لە گەرمیان 95%ی کارەکانی تەواو بووە، بەنداوی بانو تاڵیبانمان هەیە لە هەولێر 90%ی تەواو بووە، بەنداوی سوقاوشان، ئاقوبان لە هەولێر، ئەمانە سەرووی 80%ی کارەکانیان تەواو کراوە".
رزگار حەمەد دەشڵێت، تاوەکو بودجەی تایبەت بە بەنداوەکان تەرخان نەکرێت، "کێشە بۆ ئێمە دروست دەبێت. ئێمە چەندینجار لەگەڵ خاوەنی ئەو کۆمپانیایانەی کە بەنداوەکان جێبەجێ دەکەن دانوستاندنمان کردووە، بۆئەوەی دەستبەرداری کارەکان نەبن. دەبێت حکومەتی عێراق هاوکار بێت لە تەواوکردنی بەنداوەکاندا."