ئاگر لە بازاڕی داون تاونی هەولێر دەکەوێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئاگر لە دووکانێکی گەورەی نێو بازاڕی داون تاونی شاری هەولێر کەوتەوە؛ قایمقامی هەولێر دەڵێت، "تاوەکو ئێستا نازاندرێت هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە چی بووە."
 
رۆژی دووشەممە 19-09-2022، هادی سەلیمی، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند: لە دەوروبەری کاژێر 03:30 خولەکی دوای نیوەڕۆ ئاگر لە نهۆمی یەکەمی بازاڕی داون تاون لەنێو سەنتەری شاری هەولێر کەوتووەتەوە. 
 
بە گوتەی شایەتحاڵەکان، دووکانێکی گەورەی جلوبەرگی منداڵان بەهۆی شۆرتی کارەباوە ئاگری گرتووە و دواتر ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە. 

 

 
لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا راگەیاند: "تاوەکو ئێستا نازاندرێت هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە چی بووە."
 
نەبەز عەبدولحەمید ئاماژەی بەوەش کرد: دووکانێکە سووتاوە کە 6 دەڕابەی و خاوەنەکەی یەک کەسە؛ "ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە سوپاس بۆ خودا رووداوەکە زیانی گیانی نەبووە." 
 
قایمقامی هەولێر باسی لە سیستمی ئاگرکوژێنەوەی بازاڕەکە کرد و دەڵێت، "بازاڕەکە سیستمی ئاگرکوژێنەوەی نییە، بەرگری شارستانیش تێبینی خۆی هەیە لەسەر ئەو خاڵە. بە دڵنیاییەوە رێکار لەگەڵ ئەو بازاڕە و ئەو کەسەی کە کەمتەرخەم بووە دەگیرێتەبەر." 
 
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "پێشووتریش چەندین لیژنە پێکهێندراوە، راپۆرتی خۆیان لەسەر ئەو بازاڕە پێشکێش کردووە، بەدواداچوونی پێویست بۆ خاڵە لاوازەکانی ئەو بازاڕە دەکەین؛ پەڕاوی لێکۆڵینەوە لەلایەن بنکەی خانەقاوە دەکرێتەوە و لایەنی کەمتەرخەم دەستنیشان دەکرێت و رێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر."