شازادەی ژاپۆن لە روها سەردانی 'شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیم'ـی کرد
رووداو دیجیتاڵ
شازادەی ژاپۆن لە پارێزگای روهای باکووری کوردستان سەردانی گۆلی ماسی کرد.
ئاکیکۆ میکاسا، شازادەی ژاپۆن بە مەبەستی چەند دیدارێک، ئەمڕۆ هەینی 19ـی ئەیلوولی 2025 سەردانی پارێزگای روهای کرد، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا چووە گۆلی ماسی.
گۆلی ماسی لە لای خەڵک وا ناسراوە، کە شوێنی لە دایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیمە و هەروەها هەمان شوێنی ئەو ئاگرەیە کە پێغەمبەر ئیبراهیم خراوەتە ناوییەوە.
لە سەردانەکەدا گۆکهان یازگی یاریدەدەری وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزاری تورکیا یاوەریی شازادەی ژاپۆنی کرد.
ئاکیکۆ میکاسا لە گۆلی ماسی خواردنی دایە ماسییەکان و پشیلەیەکی بەدڵ بوو کە بۆیان هێنابوو. هەروەها سەردانی ئەشکەوتێکی کرد، کە خەڵکی ناوچەکە بە شوێنی لە دایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیمی دەزانن.