وەزارەتی پەروەردە: پرۆگرامی خوێندنی پۆلی 12 کەمناکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ساڵی رابردوو چەند بەشێکی وانەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی نەخوێنران بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆ ئەمساڵ وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، پرۆگرامی خوێندن هەمووی دەخوێندرێت و کەمناکرێتەوە.
 
بەپێی نووسراوێک کە واژۆی بورهان عەبدوڵڵا عادل، بەڕێوەبەری گشتیی بەوەکالەتی بەسەرەوەیە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان، هەڵەبجەی شەهید، یەکەی سەرپەرشتیکردنی (بنەڕەتی، ئامادەیی) کەرکووک کراوە. دەبێت مامۆستایان پابەندنی بڕیارەکانی وەزارەتی پەروەردە بن.
 
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، پێویستە سەرپەرشتیاران لەکاتی سەردانیکردنی قوتابخانەکان ئاگاداری دەستەی کارگێڕی و مامۆستایان بکەنەوە بۆ ئەم ساڵی خوێندنی 2020-2021، پێویستیشە رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکرێت.
 
یەکەم: پێویستە مامۆستایان پابەندبن بە تەواوکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن و پرۆگرام کەمنەکرێتەوە.
 
دووەم: خوێندنی پرۆگرامەکان بە گوێرەی ریزبەندی کتێبەکان دەبێت و نابێت بەش و بەندەکان پاش و پێش بخرێن.
 
سێیەم: هەڵسەنگاندنی نیوەوەرز و تاقیکردنەوەکانی مانگانە و کۆتایی وەرزەکان بەۆێی ساڵنامەی خوێندنی 2020-2021 دەبێت و رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەکان لە کاتی خۆیان ئەنجام دەدرێت.  
 
رۆژی 27-09-2020 لە بەشێک لە ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان، ئاڵا هەڵکرا و سروودی نیشتمانیی ئەی رەقیب لێدرا. ئەمساڵ پۆلی 12ی ئامادەیی لە قوتابخانەکان وانە دەخوێنن.