نوێنەرەکەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەولێر بە کەفالەتی یەک ملیۆن دینار ئازاد کرا

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزەری خۆبەخشی عەلی رەئووف، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەولێر کە لە دوێنێوە راگیرابوو رایگەیاند، کەمێک لەمەوبەر نوێنەرەکەی مامۆستایانی وانەبێژ بە کەفالەتی یەک ملیۆن دینار ئازاد کرا.
 
رۆژی یەکشەممە 19-11-2023 بەشدار حەسەن، پارێزەری خۆبەخشی عەلی رەئووف، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ عەلی رەئوف، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە کەفالەتی یەک ملیۆن دینار ئازاد کرا."
 
بەشدار حەسەن گوتیشی، "بەهۆی ئەوەی سێ ناسنامەی پێبووە و هەرسێکیان وادەیان بەسەرچووە، ئێوارەی دوێنێ عەلی رەئووف لە بازگەی هەولێر - کەڵەک دەستگیرکرابوو، بەهۆیەوە شەو لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر راگیرابوو، ئەمڕۆ بەندە بوومە کەفیلی و ئازاد کرا."
 
عەلی رەئووف، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژە لە هەرێمی کوردستان، یەکێکە لەو چالاکوانانەی بەردەوام لە خۆپێشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ و لە میدیاکاندا دەردەکەوێت و بەرگری لەو توێژە دەکات.
 
عەلی رەئووف رۆژی شەممە بەر لەوەی دەستگیر بکرێت، بە رووداوی راگەیاندبوو، رۆژی یەکشەممە لە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی بەڕێوەدەبەن؛ گوتبووشی "تەنیا داواکارییمان مافی خۆمانە کە دامەزراندنمانە بەشێوەی هەمیشەیی".
 
بەپێی ئامارەکان، لە هەرێمی کوردستان 34 هەزار و 359 مامۆستای وانەبێژ هەن، کە 11 هەزار و 412 وانەبێژ لە سنووری پارێزگای هەولێرن، 13 هەزار و 386 وانەبێژ لە سنووری پارێزگای دهۆک و 9 هەزار و 561 وانەبێژیشیان لە سنووری پارێزگای سلێمانین.