کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و مەزڵووم عەبدی؛ "مافی گەلی کورد لە سووریا پارێزراو بێت"
رووداو دیجیتاڵ
ئێواره‌ی ئەمڕۆ چوارشەممه، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هه‌سه‌ده) کرد. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵیت: پرسی کورد و دۆخی پێکهاته‌کانی دیکه له سووریا تاوتوێ کران.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، "لە کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا، پرسی کورد و دۆخی پێکهاته‌کانی دیکه له سووریا تاوتوێ کران، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی گفتوگۆی هه‌سه‌ده له‌گه‌ڵ دیمه‌شق، هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌کانی تیرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش، بیروڕایان گۆڕییه‌وه".
هەروەها دەڵێت، "سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر پێویستیی یه‌کڕیزیی لایەنە کوردییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان بە رێگه‌ی دیالۆگ و لێکگه‌یشتن کردەوە؛ بۆ ئەوەی مافی گەلی کورد لە سووریا پارێزراو بێت".
لای خۆیەوە، مەزڵووم عەبدی، "پێزانینی خۆی بۆ پشتگیریی نێچیرڤان بارزانی لە مافه‌کانی گه‌لی کورد له سووریا و هه‌وڵه‌کانی له‌پێناو چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق، دووپات کرده‌وه"، بەپێی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.