عوسمان بایدەمیر: گرنگە هەولێر ببێتە پردی نێوان قامشلۆ و ئەنقەرە
رووداو دیجیتاڵ
عوسمان بایدەمیر، سیاسەتڤانی کوردی خەڵکی باکووری کوردستان دەڵێ، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت هەرێمی کوردستان دەبێتە گەورەترین پشتگیری بۆ رۆژئاوای کوردستان و داوا دەکات هەولێر ببێتە پرد لەنێوان قامشلۆ و ئەنقەرە.
بایدەمیر ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2025 لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک گوتارێکی پێشکێش کرد.
عوسمان بایدەمیر ئاماژەی بەوە کرد، لە جیهاندا هیچ شتێک دەوڵەمەندتر نییە لە ئاشتی، ئاشتەوایی و ئارامی و پیرۆزترین شتیش کارکردنە بۆ ئاشتەوایی کە لە قووڵایی دڵی مرۆڤایەتییەوە هەڵدەقوڵێت.
سیاسەتڤانە کوردەکەی باکووری کوردستان لە گوتارەکەیدا جەختی لە گرنگی یەکێتی نەتەوەیی کردەوە و گوتی، "رێککەوتنی سایکس پیکۆ وەک کفنێک لێمان پێچرا، بەڵام لە قازی محەممەدەوە تاوەکو مەلا مستەفا بارزانی نەمر، تاوەکو شێخ سەعیدی پیران و سەید رەزا و تاوەکو خۆڕاگریی کۆبانێ لە سایەی شەهیدانی کورد و کوردستان ئەو کفنە دڕا. ئەو کفنە رزا و ئەمڕۆ دەڵێین: ئێمە ئازارەکانی خۆمان دەزانین، بەڵام دەرمانی ئازارەکانی خۆشمان دەزانین. دەرمانی ئازارەکەشمان رێککەوتنی نێوخۆیە."
عوسمان بایدەمیر گوتی، رێککەوتنی نێوخۆ "دژی ئەنقەرە نییە. رێککەوتنی نێوخۆ دژی بەغدا، شام و تاران نییە. هەرچەندە ئەو رێککەوتنەی سایکس پیکۆ ویستی ببێتە کفن بۆمان، شارەکانمان و وڵاتەکەمان وێران بوون و قوربانیمان دا، ئەو پەیمانی نکۆڵیکردنە بە هەمان ئەندازە بۆ تاران، شام و بەغدا بووە کۆت و بەند بە قاچ و مێشکیان. هەربۆیە رێککەوتنی نەتەوەیی کورد و کوردستان دەبێتە بناخەی ئازادی و ئاشتی. ئەگەر ئاشتی و ئارامی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدی بێت، برا تورکەکانیشمان لەگەڵ ئێمە، برا عەرەب و فارسەکانیشمان لەگەڵ ئێمە بە دیموکراسی، یەکسانی و ئارامی دەگەن. بەو هۆیەوە رێککەوتنی نەتەوەیی گەورەترین و گرنگترین خەباتی ئاشتییە."
عوسمان بایدەمیر باسی لە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی پرۆسەی چارەسەری پرسی کوردی لە تورکیا کرد و گوتی، "21 رۆژە لە کوردستانم، لە باشووری کوردستان و لە رۆژئاڤای کوردستان. زۆر خۆشحاڵم بەوەی پێویستییەکی زۆر گەورە لە رۆژئاڤای کوردستان پێکهاتووە، ئەویش کۆنفرانسی 26 ـی نیسانە. بۆ جارێکی دیکە دەستخۆشی لە خوشک و برایانی رۆژئاڤای کوردستان دەکەم، جارێکی سوپای جەنابی کاک مەسعود بارزانی دەکەم کە دەزانم رۆڵ و رەنجی لەو پرۆسەیەدا زۆر گەورە بوو. ئەو ریککەوتنەی لە رۆژئاڤای کوردستان پێکهات و ئەمڕۆ کە دەتوانین پێکەوە کۆببینەوە بە کاریگەری ئەو پرۆسەیە ئێستا لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەدەچێت و یەکێکە لە ئەنجامەکانی. ئەوەش مایەی شانازیی و سوپاسگوزارییە. سوپاسی خۆم ئاراستەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەم کە ئەم بناخە و دەرفەتە جارێكی دیکە هاتە رۆژەڤی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە شەڕ و پێکدادان و کوشتن بەپشتیوانی خودا لەم پرۆسەیەدا کۆتایی بێت و قۆناخێکی نوێ دەستپێبکات."
بایدەمیر باسی مۆدێلی ئاشتی لە وڵاتانی جیهان کرد و ستایشی ئەزموونی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "بۆ چارسەری نموونەی زۆر هەیە. خۆم ماوەی 5 ساڵە لە تاراوگە دەژیم؛ مۆدێلی سکۆتلاند، مۆدێلی ئێرلەندا، مۆدێلی کەتەلۆنیا دەزانم، مۆدێلی ئەڵمانیا دەزانم، زۆر مۆدێلی نامەرکەزی دەزانم مرۆڤ دەتوانێ سوودیان لێ وەربگرێ. بەڵام سەرنجتان بۆ سەر شتێکی دیکە رادەکێشم؛ ئەوێ دوورە یان هەولێر؟ مۆدێلی هەولێر نزیکترینە."
عوسمان بایدەمیر رایگەیاند، "ئاشتەوایی و ئارامی و ئاسایشێکی هەمیشەیی پێویستی بە دانوستاندن و دیالۆگە. ئایا جنێڤ دوورە یان هەولێر؟ بەبۆچوونی من هەولێر نزیکترە. جارێكی دیکە لە هەڵەبجە تا سلێمانی، لە هەولێر تا دهۆک سوپاسی گەلی باشووری کوردستانمان و سەرجەم پارتە سیاسیەکان دەکەم، یەک تکا و یەک بانگەوازم هەیە: ئەگەر رێککەوتنی نەتەوەیی نێوخۆ بەهێزتر بکەن و یەکگرتووبن و رۆژێک زووتر حکوومەت پێکبهێنن، ئەو کارەتان دەبێتە گەورەترین پشتگیری بۆ رۆژئاڤای کوردستان. هیوا و تکام ئەوەیە هەولێر ببێتە جنێڤ ـی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەولێر بتوانێت ببێتە پرد لەنێوان قامشلۆ و ئەنقەرە. بڕوام وایە ئەم ئەزموونە 20 ساڵییە دەتوانێ خزمەتی ئاشتیەکی هەمیشەیی بکات."
بایدەمیر جەختی لە گرنگی رێککەوتنی نێو ماڵی کورد کردەوە و گوتی، "پێویستمان بە یەک شتە. من گەواهیدەری خۆڕاگری کۆبانێ، پێشمەرگە و شەڕڤانانی هەرچوار پارچەی کوردستان بووم. سوپاس بۆ خودا ئەو شەڕە تەواو بوو، بەڵام ئەو رۆحەی خۆڕاگری کۆبانێ رۆحێکی مێژوویی بوو. وەرن با رۆحی خۆڕاگری کۆبانێ بکەینە خاڵی دیبلۆماسی، گفتوگۆ و دانوستاندن."