لە نێو دووكانەكەی باوكیدا كوشتیان

رووداو - سلێمانی

مەریوان لەگەڵ براكەی لە بازاڕ دەگەڕانەوە، پێیان سەیر بوو بەو شەوە دووكانی باوكیان كراوەتەوە، خێرا چوون بۆ لای دووكانەكە و دەبینن چوار پیاوی دەمامكدار خەریكن لە باوكە تەمەن 53 ساڵانەكەیان دەدەن، كاتێك مەریوان دەیەوێ‌ بەرگری لە باوكی بكات، یەكێك لە دەمامكدارەكان تەقەی لێدەكات و دەیكوژێ‌. چەكدارەكان هەڵدێن، بەڵام دواتر پۆلیس دەستگیریان دەكات.

سەعات 11:40ی شەوی 10/12/2018 گەنجێكی تەمەن 27 ساڵ بەناوی مەریوان دارا رەزا لە دووكانەكەی باوكیدا لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود لە شاری سلێمانی كوژرا. كەسوكاری مەریوان دەڵێن ئەوانەی مەریوانیان كوشتووە دووكانداری ئەو گوزەرەن كە دووكانی باوكی لێیە، چونكە باوكی بازاڕێكی باشی هەبووە و ئەوان ویستوویانە لەوێ‌ دەریكەن.

كاوە محەممەد كە كەسێكی نزیكی مەریوانە، باسی كێشەی نێوان باوكی مەریوان و دووكاندارانی گوزەرەكەی كرد و گوتی: "چەند دووكاندارێك چەند جارێك بە تەلەفۆن هەڕەشەیان لە باوكی مەریوان كردبوو، بۆ ئەوەی دووكانەكەی چۆڵ بكات، بەڵام باوكی مەریوان چۆڵی نەكردووە و گوتوویەتی من كرێی خۆم دەدەم بۆ چۆڵی بكەم!".

سەبارەت بە هۆكاری ئەو هەڕەشانەی دووكاندارەكان لە باوكی مەریوانیان دەكرد، كاوە گوتی: "دووكانەكەی باوكی مەریوان لە قاتی خوارەوەی بازاڕەكەیە، باوكی مەریوان موشتەری زۆر بووە و ئەوانیش موشتەرییان نەبووە، پێیانوابووە ئەو رزقی ئەوان دەبات، هەر بۆیە هەڕەشەیان لێكردبوو كە ئەگەر دووكانەكە چۆڵ نەكات، ئەوە لە رێگەی خاوەنەكەیەوە پێی چۆڵ دەكەن، بەڵام باوكی مەریوان ملی بۆ داواكارییەكەیان نەدەدا".

دووكاندارەكان كاتێك زانیویانە باوكی مەریوان بە قسەی خۆش دووكانەكەی چۆڵ ناكات، ویستوویانە بە لێدان و هەڕەشە دووكانەكەی پێ‌ چۆڵ بكەن.

كاوە دەڵێت :"دیارە ئەو شەوە بانگی باوكی مەریوانیان كردووە بۆ دووكانەكەی، لەوێ‌ بووەتە دەمەقاڵەیان، پاشان بە كلكە دەمانچە بەربوونەتە گیانی و برینداریان كردووە".

سەبارەت بە كوژرانی مەریوانیش، كاوە دەڵێت: "مەریوان لەگەڵ براكەی لە دەرەوە بوون، بە رێكەوت بەلای دووكانەكەی باوكیاندا تێپەڕیون، بینیویانە دووكانەكە كراوەتەوە، ئەوانیش پێیان سەیر بووە كە باوكیان بەو شەوە لەوێ‌ چی دەكات، بەڵام كاتێك دەچنە ژوورەوە دەبینن وا بە چوار كەس لە باوكیان دەدەن. مەریوانیش دەیەوێ‌ پارێزگاری لە باوكی بكات، لەو كاتەدا یەكێكیان تەقە دەكات و مەریوان دەكوژێت، پاشان هەڵدێن".

هەر ئەو شەوە پۆلیس لە رووداوەكە ئاگادار كراوەتەوە و دۆسیە بۆ رووداوەكە كراوەتەوە. كاوە دەڵێت: "پۆلیس دوای رووداوەكە چوار كەسی دەستگیر كرد و دەستیشی بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەدا گرتووە كە بە تۆمەتبارەكان بووە، بەڵام ئێمە دڵنیا نین ئەوانەی دەستگیركراون تۆمەتبارەكانن یان تەنیا گومانیان لەسەرە".

(رووداو) پەیوەندی بە خێزانی مەریوانەوە كرد، بەڵام گوتیان كەیسەكە لەژێر لێكۆڵینەوەی پۆلیسدایە، تا لێكۆڵینەوە تەواو نەبێ‌ و روون نەبێتەوە بكوژی مەریوان كێیە، قسەی لەسەر ناكەن.

مەریوان هەر لە گوزەرەكەی باوكیدا دووكانی كاشی و دیكۆراتی هەبوو، باوكیشی هەمان ئیشی دەكرد، بۆیە زۆرجار مەریوان هەر لە دووكانی باوكی كاری دەكرد، دانای براشی كە ئەو شەوە لەگەڵی بووە، خۆشنووسە و زۆرتر لافیتەی پرسەكان دەنووسێ‌، هەر بە دەستی خۆیشی لافیتەی پرسەی مەریوانی نووسی.