لە سلێمانی دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر رووبەڕووی ئاسایش دەبنەوە و دەستگیر دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ 
 
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە تاسڵوجەی سلێمانی دوای رووبەڕووبونەوەی هێزەکانیان لەگەڵ دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر توانیویانە بە برینداری تۆمەتبارەکان دەستگیربکەن. 
 
وەکو ئاسایش دەڵێت، تۆمەتبارەکان بە بۆمبی دەستی و دەمانچە رووبەڕووی هێزەکانیان بوونەتەوە. 
 
لە راگەیێندراوێکدا، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، "بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایش بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، لە رۆژی 19-12-2023، دوای چاودێریکردنی دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر کە پێشینەی تاوانیان هەبووە و لەکاتی مامەڵەکردنیان بە مادەی کریستاڵ، هێزەکانی ئاسایش هەوڵی دەستگیرکردنیان دەدەن و تۆمەتباران بە بۆمبی دەستی و چەکی جۆری دەمانچە رووبەڕووی هێزەکانمان دەبنەوە و هەوڵی هەڵاتن دەدەن".
 
دەشڵێت، "بەڵام لە ئەنجامدا، هێزەکانی ئاسایش هەردوو تۆمەتبار بە برینداری دەستگیردەکەن و دەست دەگرن بەسەر بڕی زیاتر لە یەک کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ".
 
رۆژی دووشەممە 11-12-2023، ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەکارهێنەر و بازرگانانی مادەی هۆشبەر بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیادیکردووە، ئێستا لە کۆی پێنج هەزار و 418 سزادراو، هەزار و 180 سزادراو بەکارهێنەر و بازرگانی مادەی هۆشبەرن، کە 520ـیان بازرگان و 660ـیان بەکارهێنەرن.